سەردێڕ:

چۆن لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا ئوتومبێلەکەت لە تێکچوون دەپارێزیت؟

فۆتۆ: 
2020-04-17

4438 جار خوێندراوەتەوە

وەک ئاشکرایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وڵاتانی جیهان، بە شێوازی جیاواز، قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاندووە و بەوەش، هاوڵاتیان ناتوانن وەکو جاران ئوتومبێلەکانیان بەکار بهێنن، هەربۆیە لە جێگایەک کە زیاتر حەوشەی ماڵەکانیانە، پارکیان کردووە.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە، شارەزایان چەند رێنماییەکیان بۆ هاوڵاتیانی خاوەن ئوتومبێل راگەیاندووە و تێیدا، چۆنێتی هێشتنەوەی ئوتومبێل بە سەلامەتی تاوەکو دوای قەدەغەی هاتوچۆ روونکراوەتەوە.

ئوتومبێلەکەت پارک بکە یان دایپۆشە:

شارەزایان رێنماییان داوە لە پارککردنی ئوتومبێلەکان لە جێگایەکی گونجاودا و بۆ ئەوەش، حەوشەی ماڵەکان بە گونجاو دەزانن چونکە رێگریدەکات لە کارتێکردنی کەش و هەوا، بەڵام لە حاڵێکدا، حەوشەی ماڵ بەردەست نەبوو، ئەوا رێنمایی دەدەن کە ئوتومبێلەکان دابپۆشرێن. هاوکات، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، شارەزایان پێشنیار دەکەن یەکێک لە جامەکانی ئوتومبێلەکە بە کەمی و زۆر بە بچوکی بکرێتەوە تا کەش و هەوای ناو ئوتومبێلەکە پەنگ نەخواتەوە.

هاند برێک و تایەکان:

شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن کە شێوازی پارککردنی ئوتومبێلەکان کاریگەری لەسەر ئوتومبێلەکە دەبێت و پێشنیاز دەکەن ئوتومبێلەکە لەسەر رووکارێکی تەخت بووەستێنرێت و هاند برێکەکانی کارا نەکرابێت، چونکە پێویست نابێت و بەپێی کات بەنسەکانی تێکدەدات.

لەبارەی تایەکانی ئوتومبیلیشەوە، شارەزایان باس لەوە دەکەن، کە یان رۆژانە کەمێک، ئەگەر بۆ چەند سانتیم مەترێکیش بێت، ئوتومبێلەکە بجوڵێنرێت، یاخود جەگی جێگیر لەژێر ئوتومبێلەکەدا دابنرێت بۆ ئەوەی تایەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر رووکارەکە نەمێننەوە چونکە دەبێتە هۆی تێکچوونی تایەکان.

باتری ئوتومبێل:

شارەزایان لەبارەی باتری ئوتومبێلەوە پێشنیاز دەکەن رۆژانە بۆ ماوەیەکی کەم ئوتومبێلەکە ئیش پێبکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بارگاوی ببێتەوە و لە حاڵەتی زۆر پێویستدا ئوتومبێلەکەت زیانت لێنەدات. هاوکات، ئەگەر بە شێوەیەکی رێک و پێک باتری ئوتومبێل بارگاوی نەکرێتەوە، ئەوا دوای ماوەیەک شۆفێر ناچار دەبێت باترییەکی نوێ بکڕێت.

رۆنی ئوتومبێل:

شارەزایان روونیدەکەنەوە کە ئەگەر ماوەی قەدەغەی هاتوچۆکە چەند مانگێکی خایاند و ئوتومبێلەکە نەجوڵێندرابوو، ئەوا پێویستە رۆنی مەکینەکەی بگۆڕدرێت، چونکە رۆنی ئوتومبێل لە هەندێک مادەی کیمیایی پێکهاتووە کە بە تێپەڕینی کات ماوەکەیان بەسەر دەچێت.

سوتەمەنی ئوتومبێل:

شارەزایان دەڵێن کە تەمەنی سوتەمەنی ئوتومبێل لە کاتی پاڵاوتنییەوە دەکرێت تا ١٢ مانگ درێژببێتەوە، بەڵام هەندێکجار سوتەمەنی ئوتومبێلەکە و کەش و هەوای دەوروبەری کارلێک دەکەن و ئەوەش بە زیان بۆ مەکینەی ئوتومبێلە دەشکێتەوە، هەربۆیە شارەزایان رێنمایی دەدەن لەوەی تەنکی ئوتومبێلەکە پڕ لە سوتەمەنی بکرێت تا کەمترین کارلێک لەگەڵ هەوادا بکات.

یەکەم لێخوڕینی دوای قەدەغەی هاتوچۆ:

شارەزایان رایانگەیاندووە، کە ئەگەر ئەو رێنماییانەی سەرەوەت ئەنجامدابێت، ئەوا ئوتومبێلەکەت ئامادەی لێخوڕین دەبێت، بەڵام جەختدەکەنەوە کە پێش یەکەم لێخوڕینی دوای قەدەغەی هاتوچۆ، جگە لە شۆردنی ئوتومبێلەکە، هاوکات هەریەک لە ئیستۆپ و هاند برێک و رۆنەکانی ئوتومبێلەکە بپشکنرێن.