سەردێڕ:

لەبارەی بەکارهێنانی دەرمانێک وەکو چارەسەری کۆرۆنا هۆشداری دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-04-17

4091 جار خوێندراوەتەوە

زانایان هۆشداری لەبارەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانی هایدرۆکسیکلۆرۆکوین دەدەن، کە وەک چارەسەر بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا بەکاردێت.

بە گوێرەی ماڵپەڕی لایف ساینس، ژنێکی توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرازیل، لەدوای وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە دەرمانی هایدرۆکسیکلۆرۆکوین، توشی جەڵتەی دڵبووە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.

ماڵپەڕی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکیش بڵاویکردووەتەوە، هەفتەی رابردوو ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵی توشبووی کۆرۆنا لە نیویۆرک گیانیلەدەستدا، کە بە گوێرەی کەسوکارەکەی، ئەو نەخۆشە دەرمانی هایدرۆکسیکلۆرۆکوینی بۆ بەکارهاتووە، بەهۆی کاریگەری لاوەکی ئەو دەرمانەوە توشی گرفتی دڵبووە و گیانی لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە دامەزراوەی دڵی ئەمریکا، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە بواری دڵدا توێژینەوە ئەنجام دەدات، لە راپۆرتێکیدا هۆشداری لەبارەی ئەو دەرمانەوە داوە و رایگەیاندووە، "هەندێک نەخۆش بەهۆی ئەو دەرمانەوە ناڕێکی لە لێدانەکانی دڵیاندا دروستدەبێت".

ماڵپەڕی لایف ساینس ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستی نیە کە بیسەلمێنێت ئەو دەرمانە چارەسەری ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا دەکات کە بە سەختی توشی نەخۆشیەکەبوون.

هاوکات سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکانیدا چەند جارێک باسی لەو دەرمانە کردووە و بە چارەسەرێکی کاریگەر بۆ توشبوونای کۆرۆنا ناویبردووە.

پێشتر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندبوو، "لە ئێستادا دەیان دەرمان بۆ چارەسەری کۆرۆنا گەشەیانپێدەدرێت و بەشێکیشیان تاقیدەکرێنەوە، بەڵام تا کاریگەرییەکانی نە سەلمێندرێت نابێت بەکاربهێندرێت".

س.س