سەردێڕ:

ئیسرائیل چارەسەرێکی نوێی کۆرۆنا بەکاردەهێنێت

فۆتۆ: 
2020-04-15

19837 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری دەرمان لە ئیسرائیل رایگەیاند، بە سودوەرگرتن لە وێڵاشی منداڵ، بە سەرکەوتوویی چارەسەرێکیان لەسەر حەوت توشبووی کۆرۆنا تاقیکردووەتەوە.

کۆمپانیای بلوریستمی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، "چارەسەرێکی کۆرۆنامان لەسەر حەوت توشبووی ئەو نەخۆشیە تاقیکردووەتەوە، کە باری تەندروستییان ناجێگیربووە، ئەو چارەسەرە ژیانی ئەو حەوت کەسەی لە مردن رزگارکردووە و تەندروستییان بەرەو باشتر چووە".

کۆمپانیا ئیسرائیلیەکە رایگەیاندووە، تاقیکردنەوەکان لە چەند شوێنێکی ئیسرائیل ئەنجامدراون، یەکێک لە توشبووەکان ئەمریکییە و لە ویلایەتی نیوجێرسی چارەسەرەکەی لەسەر تاقیکراوەتەوە، ئەوەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لە دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا.

روونیشیکردەوە، توشبووەکەی ئەمریکا لە قۆناغێکی مەترسیداری نەخۆشیەکەدابووە و ماوەی سێ هەفتە بووە ئامێری هەناسەدانی دەستکردنی بۆ بەکارهێندراوە، هەروەها ئەندامانی جەستەی چوار توشبووی دیکە بەرەو پەککەوتن دەچوو.

بە گوێرەی کۆمپانیاکە، نەخۆشەکان لە ئێستادا لە قۆناغی چاکبوونەوەدان و کۆئەندامی هەناسەیان بەرەو باشترچووە.

کۆمپانیای بلوریستمی ئیسرائیلی یەکەم کۆمپانیایە لە جیهاندا کە خانەی وێڵاشی منداڵی لە چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنادا بەکارهێناوە.

لە ئێستادا ژمارەیەک کۆمپانیای دەرمان لە جیهاندا رکابەری یەکتر دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانێکی گونجاو بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا، کە ژمارەیان لە جیهاندا دوو ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.

س.س