سەردێڕ:

یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بەپێی فەلەکناسی دیاریکرا

فۆتۆ: 
2020-04-14

124324 جار خوێندراوەتەوە

فەلەکناسێک رایگەیاند، بە پێی پێشبینییە فەلەکییەکان لە هەندێک وڵات رۆژى ٢٤ى نیسان و لە هەندێک وڵاتی دیکە رۆژى ٢٥ى نیسان دەبێتە یەکەم رۆژى مانگى رەمەزان.

سادق عەتییە کە کۆنترین فەلەکناسە لە فڕۆکەخانەى بەسڕە، لە پەیجى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک ئاماژەى بەوەکردووە، "بەپێی پێشبینییە فەلەکییەکان مانگى رەمەزانی ساڵى کۆچی ١٤٤١، لە رۆژى هەینى ٢٤ى نیسانى ٢٠٢٠ دەستپێدەکات لەو وڵاتانەى پشت بە بینینى مانگ بە چاوى ئامێرى دەبەستن."

سادق عەتییە راشیگەیاندووە، رۆژى ٢٥ى نیسان دەبێتە یەکەم رۆژى مانگى رەمەزان لەو وڵاتانەى بۆ بینینى مانگ پشت بە چاوى مرۆڤ دەبەستن.

مانگەکانى ساڵنامەى کۆچی جیاواز لە ساڵنامەى زایینى، ساڵانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و هەر مانگێک نزیکەى ١٠ رۆژ پێش دەکەوێت بە بەراورد بە ساڵى پێشوو، بەجۆرێک هەموو مانگەکان دەتوانرێت لەگەڵ هەموو وەزرەکاندا هاوکات بێت و لەو چوارچێوەیەشدا مانگى رەمەزان هەر چەند ساڵ جارێک لەگەڵ وەرزێکدا دێت.