سەردێڕ:

ئایا تیشکی خۆر لە کۆرۆنا دەتپارێزێت؟

فۆتۆ: 
2020-04-11

9968 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، خۆدانەبەر خۆر و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ سەروو ٢٥ پلە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناکات.

تەندروستی جیهانی لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە تویتەر، نوسیویەتی، "ئەگەری هەیە کەسێک توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت سەرباری ئەوەی کەشوهەوای ئەو رۆژە ساماڵ بێت یاخود پلەی گەرما بەرزبێت، چونکە ئەو وڵاتانەی پلەی گەرمییان بەرزە حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە".

ئەو رێکخراوە جەخت لەوەدەکاتەوە، شتی دەست بە باشی و دەستنەدان لە چاو و دەم و لوت لە توشبوون بە کۆرۆنا دەتپارێزێت.

ئەم ڕێنماییەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک وەڵامێکە بۆ ئەو پسپۆڕانەی کە رایانگەیاندبوو، لە پلەی گەرمی بەرزدا شێ لە هەوادا کەم دەبێتەوە و ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناودەچێت.

بەپێی دوایین ئامارەکان، کۆی ژمارەی گیانلەدەستدان لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ زیاتر لە ١٠٢ هەزار کەس بەرزبووەوە، ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسەکەش ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.