سەردێڕ:

کەی ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەست دەبێت؟

فۆتۆ: 
2020-04-11

9722 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕانی تەندروستی لە ئەمریکا رایانگەیاندووە، بەرهەمهێنانی ڤاکسین و خستنەبەردەست پسپۆڕانی تەندروستی بۆ بەکارهێنانی، پرۆسەیەکە کە ماوەی یەک بۆ دوو ساڵی پێدەچێت.

 ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریکی نوسیویەتی، پرۆفیسۆرێکی بواری هەناوی لە زانکۆی نۆرس ئیست ئۆهایۆ رایگەیاندووە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسین بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕدەبێت، سەرەتا کۆمپانیایەکی دەرمان گەشە بە ڤاکسینێک دەدات کە بە بڕوای ئەو کاریگەری دژ بە نەخۆشیەکی دیاریکراو هەیە.

 لەدوای گەشەپێدانی ڤاکسینێک، تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی لەسەر ڤاکسینەکە دەکرێت کە ئەویش بە سێ قۆناغ تێپەڕدەبێت، لە قۆناغی یەکەمدا لە تاقیگەکاندا لەسەر خانە تاقیدەکرێتەوە، ئەگەر دەرئەنجامی دڵخۆشکەری هەبوو، دواتر لەسەر ئاژەڵ تاقیدەکرێتەوە.

 هەر کاتێک کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر ئاژەڵ دەرکەوتن و توێژەران پێیان وابوو کە مەترسی لەسەر مرۆڤ نابێت، تاقیکردنەوەکان دەچنە کۆتا قۆناغەوە و لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە.

 تاقیکردنەوەی ڤاکسین لەسەر مرۆڤ لە وڵاتی ئەمریکادا بە سێ قۆناغ تێپەڕدەبێت و هەر قۆناغێکیش ژمارەیەکی زیاتر لە خۆبەخش بەشداردەبن، ئەو کەسانەی کە ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە لەلایەن توێژەرانەوە چاودێری بەرگری لەشیان دژ بە ڤایرۆسەکە دەکرێت و بەراورد دەکرێن بەو کەسانەی جۆرێکی دیکەیان لە ڤاکسین لەسەر تاقیکراوەتەوە، توێژەران لە کاریگەری و سەلامەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکە و کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەکۆڵنەوە.

 ئەگەر ڤاکسینەکە دەرئەنجامی باشی هەبوو ئەوا لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەند دەکرێت، ئەگەر لە وڵاتێکی دیکەش تاقیکرابێتەوە، هاوشێوەی ئەمریکا بە هەمان قۆناغدا تێپەڕدەبێت و دواتر لەلایەن دەزگای تەندروستی تایبەت بەو بوارە رێگە بە بەکارهێنانی دەدرێت.

 ئانسۆنی فاوجی سەرۆکی پەیمانگای نیشتمانی بۆ نەخۆشییە گواستراوەکان و هەستیاری، کە لە ئەمریکا بەرپرسیارێتی روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای خراوەتەئەستۆ، رایگەیاندوە، ١٢ بۆ ١٨ مانگی دیکە واتە لە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوودا دەتوانن ڤاکسینێکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بخەنە بازاڕەکانەوە.

 ویڵیام شافنەر پرۆفیسۆری بواری نەخۆشیە گواستراوەکان لەبارەی ئەو وادەیەی فاوجی دیاریکردووە، روونیکردوووەتەوە، "بەراورد بەو ڤاکسینانەی لە رابردوودا دژ بە نەخۆشیەکانی دیکە بەرهەمهاتوون، ئەو ماوەیەی بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دیاریکراوە زۆر کەمە، بەڵام حکومەت لەتوانایدایە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا خێرابکات بەهۆی ئەوەی نەخۆشیەکە لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە".

س.س