سەردێڕ:

​ پارێزگاری ھەولێر: شەش رۆژی داھاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت

فۆتۆ: 
2020-04-10

5990 جار خوێندراوەتەوە

فرسەت سۆفی رایگەیاند، شەش رۆژی داھاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت. دەشڵێت، لە دۆخێکی باشداین و بارودۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.

ئەمڕۆ هەینى ١٠ ى نیسانى ٢٠٢٠، فرسەت سۆفى پارێزگارى هەولێر لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، تا ئێستا لە ھەرێمدا ١٦ ھەزار پشکنین کراوە کە ١١ ھەزاریان لە ھەولێر بووە بە جۆرێک ٧٠٪‏ی پشکنینەکانی ھەرێم بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای ھەولێر بووە.

راشیگەیاند، ھەر کەسێک لە دەرەوەی وڵات ھاتووەتەوە لە پارێزگای ھەولێر پشکنینی بۆ کراوە، دەشڵێت، ئەوانەی بە پێچەوانەی یاسا ھاتنەوە ئێستا توشی کۆرۆنا بوون دوای چاکبوونەوەیان دادگای دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ھەولێر پشکنینی زیاتر بۆ گومانلێکراوانی هەڵگری کۆرۆنا دەکرێت وەک لە ئەمریکا، لە ئەمریکا لە هەزار کەس پشکنین بۆ سێ کەسی کراوە بەڵام لە ھەولێر لە ھەزار کەس پشکنین بۆ چوار کەسی کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆی تا ١٦ی نیسان درێژکردەوە و دەشڵێن، هاتوچۆی ئۆتۆمبیل و  پیادە قەدەغەیە و هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزادەدرێت.