سەردێڕ:

وڵاتانی جیهان چۆن ڕۆبۆتەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەکاردەهێنن؟

فۆتۆ: 
2020-04-10

2425 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پەنایان بردووەتەبەر ڕۆبۆتەکان، بەشێک لەو ڕۆبۆتانە لە ناو نەخۆشخانەکاندا ڕۆڵی پەرستار دەگێڕن، بەشێکی دیکەیان لە ناو هۆتێلەکاندا لەبری کارگوزارەکان خواردن بۆ میوانەکان دەبەن، چەند ڕۆبۆتێکش شەقامەکان دەرمانڕێژدەکەن، هەندێکى دیکەشیان لە شوێنە گشتییەکاندا وەکو پۆلیس مامەڵە دەکەن.

وڵاتى چین کە بە پێشەنگی وڵاتانی جیهان دادەنرێت بۆ داهێنانە تەکنەلۆژییەکان دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم ڕۆبۆتانەوە بەریەککەوتنەکان کەم بکاتەوە و ئاسانتر ڕوبەڕووی کۆرۆنا ببێتەوە.

بەشێک لە ڕۆبۆتەکان لەتوانایاندایە ناسنامەی کەسەکان و پلەی گەرمی لەشیان دیاری بکەن و ڕۆڵیان هەبێت لە پاراستنی پزیشکەکان کە بوونەتە یارمەتیدەرێکی باشی تیمە پزیشکییەکان بەتایبەت ئەوانەی لە هێڵەکانی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەدان.

هاوكات، زۆرێک لە وڵاتانی دیکە سود لە ڕۆبۆتەکان وەردەگرن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

حکومەتی ئیتاڵیا پەنای بردووەتەبەر بەکارهێنانی ڕۆبۆتەکان بۆ یارمەتیدانی تیمە پزیشكییەكان و پاراستنی گیانیان، بەو پێیەی لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتدا لەو وڵاتە، تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کەس لە تیمە پزیشکییەکان توشی ڤایرۆسەکە بوون و نزیكەی ٧٠ پزیشکیش بەو هۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.

ڕۆژنامەی جۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ئێستادا ژمارەیەك ڕۆبۆت بە سیفەتی پەرستار لە نەخۆشخانەكانی ئیتاڵیا کاردەکەن، لە نێویشیاندا ڕۆبۆتی (تۆمی) لە نەخۆشخانەی سێرکۆلۆ لە شاری ڤارێزی لە ناوچەی لومباردی باکوری ئیتاڵیا کە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بوو لەو وڵاتە.

پزیشکێکی ئەو نەخۆشخانەیە دەڵێت، كاتێك ئەو ڕۆبۆتە لێرەیە وەکو ئەوە وایە پەرستارێک لێرەبێت.

بەكارهێنانی ڕۆبۆتەكان لە هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرسی كۆرۆنا تەنیا لەو وڵاتانەدا نییە كە پێشەنگی تەكنەلۆژیان لە جیهاندا، بەڵكو چەند وڵاتێکی عەرەبی وێڕای سنورداریی توانا تەکنەلۆژییەکانیان، لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەڕێگەی بەکارهێنانی ڕۆبۆت و درۆنەکانەوە، ئەویش بەپێدانی زانیاری و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیانیان بە پابەندبوونیان بە ڕێنماییە تەندروستییەكانەوە.

وەزارەتى ناوخۆى تونس لە پەیجى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا ڕۆبۆتێک دەردەکەوێت کە دروستکراوی وڵاتی تونسە و ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ڕێگەى ئەو ڕۆبۆتەوە لە شەقامە سەرەکییەکانی پایتەختی وڵاتەکە ڕێنمایی دەدرێت بە هاوڵاتییان، ڕۆبۆتەکە كە چەند کامێرایەک لەخۆ دەگرێت و لە دوورەوە ئاراستە دەکرێت، لەو کەسانە نزیک دەبێتەوە کە لەدەرەوەن و لێیان دەپرسێت؛ چی دەکەیت لێرە؟ وەزارەتی ناوخۆ قسەت لەگەڵ دەکات، ناسنامەکەتمان نیشانبدە، ئایا نازانیت قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەنراوە؟

هاوکات، لە هەریەكە لە وڵاتانی قەتەر و کوەیت لەڕێگەی درۆنەوە و بە بڵندگۆ لە شوێنە جیاوازەکاندا هاوڵاتییان ئاگاداردەكرێنەوە و داوایان لێدەکرێت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

زۆرێك لە وڵاتانی دیكەش بۆ ئاسانتركردنی كارەكانیان دەیانەوێت پەنابەرنەبەر بەكارهێنانی ئەم ڕۆبۆتانە، بەڵام پێدەچێت بەم زووانە نەگەنە هەرێمی كوردستان.