سەردێڕ:

تەندروستیی هەولێر لەبارەی گرتە ڤیدیۆیەکەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-04-10

88764 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی سەرجەم توشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر جێگیرە و داواش لە هاوڵاتیان دەکات نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو ڤیدیۆیەی یەکێک لە توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری بڵاویکردووەتەوە و تەندروستیی خۆیان بپارێزن.

تەندروستیی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "تا ئێستا ۹۲ نەخۆش لە نەخۆشخانەی ڕزگاری خەوێنراوە و لەژێر چاودێری پزیشکیدان و خۆشبەختانە باری تەندروستیی زۆربەی هەرەزۆریان جێگیرە و هیوادارین تا تەواوبوونی ماوەی چارەسەریان لە نەخۆشخانەکەمان هەر سەلامەت بن و باری تەندروستییان بە جێگیری بمێنێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەداخەوە یەکێك لەو نەخۆشانەی نەخۆشخانەی رزگاری گرتە ڤیدیۆیەکی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بە بیانووی ئەوەی نیشانەی جەستەیی پێوە دیارنییە، نکۆڵی لە بوونی ئەو نەخۆشییە دەکات، کە ئەمەش بۆچوونێکی هەڵە و مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگاکەمان، خەڵك هاندەدات بۆ بەهەند وەرنەگرتنی ترسناکی ئەم پەتایە جیهانییە و وادەکات هاوڵاتیان لە پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان ساردبکاتەوە و خوانەخواستە تووشی کارەساتی مرۆیی ببنەوە."

لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا هاتووە، "بۆیە بە پێویستمان زانی هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگاداربکەینەوە، کە هۆشیاربن و نەکەونە داوی ئەو بیروبۆچوونە هەڵانە و دووپاتی دەکەینەوە بە پابەندبوونمان بە ڕێنمایییە خۆپارێزییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستیی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر، کە پشتئەستورە بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زاڵبوونمان بەسەر ئەم پەتایە مسۆگەردەکات."

ئەو روونکردنەوەی تەندروستیی هەولێر لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، یەکێک لە توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت هەموو باشین.