سەردێڕ:

ئۆپیک وردەکاریی رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-04-10

10433 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی ئۆپیک رایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لە سەرەتای مانگی داهاتوودا رێککەوتوون.

 رێکخراوەکە ئەمڕۆ هەینی ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە ئۆپێک و لە دەرەوەی ئۆپیکیش، جگە لە مەکسیک، لەسەر کەمکردنەوەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە ماوەی نێوان ١ی ئایار تا ٣٠ی حوزەیراندا رێککەوتوون.

 روونیشیکردووەتەوە، پێویستیان بە ڕەزامەندی وڵاتی مەکسیک هەیە بۆ ئەوەی رێکەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ٨ ملیۆن بەرمیل رۆژانە، لە نێوان مانگی حوزەیران و کانوونی یەکەمدا جێبەجێبکەن.

 هەر بە گوێرەی رێکەوتنەکە، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ تا نیسانی ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمدەکرێتەوە.

 بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیەندراوە لەدوای گفتوگۆیەکی چڕی ئەندامانی ئۆپیک و وڵاتانی دەرەوەی ڕێکخراوەکە دێت، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک سەبارەت بە کەمبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکنەکەوتنى روسیا و سعودیە لەسەر کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان، پێنجشەممەی رابردوو، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ەوە دابەزی بە جۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوت لە خوار ٢٥ دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرا بەڵام دواتر بەهۆى گفتوگۆکانى ئەمریکا و سعودیە لەسەر ئەو پرسە، بەرزبووەتەوە و لە ئێستادا لە سەروو ٣٠ دۆلارەوە ماوەتەوە.

س.س