سەردێڕ:

بەریتانیا: هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکە نەگەیشتووەتە لوتکە

فۆتۆ: 
2020-04-10

3647 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا نەگەیشتووەتە لوتکە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا ژمارەی توشبووان بەرزتربێتەوە.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، دۆمینیک راب لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی رۆژانەیدا، وتوویەتی، "هێشتا زووە بۆ ئەوەی رێکارە تەندروستییەکان لە وڵاتەکەدا لاببرێت، چونکە وا نزیکە کاریگەرییەکانی ئەو قوربانیانە دەبینین کە هەموومان بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە داومانە".

 ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرکاتێک ئاماژەکان دەریانخست بەریتانیا لوتکەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێپەڕاندووە، قەدەغەی هاتووچۆ کۆتایی پێدەهێنرێت، وتیشی "نابێت دەرفەتی دووەم بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بدەین کە هاوڵاتییەکانمان بکوژێت و زیان بە وڵاتەکەمان بگەیەنێت".

 راب لەبارەی کەمبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە چەند رۆژی رابردوودا، رایگەیاند، "هەر کەمبوونەوەیەک لە ژمارەکاندا مایەی خۆشحاڵییە، بەڵام زانایان هۆشدارییان داوەتە حکومەت کە مەترسی هەیە ژمارەی توشبووان بەرزتربێتەوە".

 هەر لەوبارەیەوە پاتریک ڤاڵانس راوێژکاری زانستیی حکومەتی بەریتانیا بە ماڵپەڕەکەی تووە، "پێشبینی دەکەین ژمارەی توشبووان لە وڵاتەکەدا بۆ ماوەی دوو هەفتە بگاتە بەرزترین ئاستی و دواتر ژمارەکان بەرەو کەمبوونەوە بچن".

 تا ئێستا زیاتر لە ٦٥ هەزار حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لە بەریتانیا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش حەوت هەزار و ٩٧٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، ١٣٥ کەسیش چاکبوونەتەوە.

س.س