سەردێڕ:

نیویۆرک لەڕووی ژمارەی توشبووانی کۆرۆناوە وڵاتانی دیکەی تێپەڕاند

فۆتۆ: 
2020-04-10

4079 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا زیاتر بەرزبووەوە، تەنیا لەو ویلایەتەدا ژمارەی توشبوون لە سەرجەم وڵاتانی جیهان زیاترە.

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی نوسیویەتی، دوێنێ زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتی نیویۆرک تۆمارکراوە، بەوەش کۆی ژمارەی توشبووان لەو ویلایەتە بۆ ١٥٩ هەزار و ٩٣٧ کەس بەرزبووەتەوە، بەوەش وڵاتی ئیسپانیای تێپەڕاندووە کە لەرووی زۆری ژمارەی توشبووانەوە دووەم وڵاتی جیهانە کە زیاتر لە ١٥٣ هەزار و ٢٢٢ حاڵەتی توشبوون تیایدا تۆمارکراوە.

 هاوکات ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو شارە بۆ زیاتر لە حەوت هەزار کەس بەرزبووەوە، ئەوەش نزیکەی دوو هێندەی ژمارەی گیانلەدەستدانە لە وڵاتی چین کە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە سێ هەزار و ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 ئاندرو کوۆمۆ حاکمی ویلایەتی نیویۆرک گەشبینە بەوەی، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە نیویۆرک کەمتربووەتەوە، راشیگەیاند، "نیویۆرک لە هەمان ئەو بارودۆخەدایە کە بەهۆی هێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەرەوە لەو ویلایەتە دروستبووبوو".

 کۆی گشتی ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئەمریکا گەیشتووەتە ٤٦٨ هەزار و ٨٩٥ کەس، لەو ژمارەیەش ١٦ هەزار و ٦٩٧ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەلایەکی دیکەوە نزیکەی ٢٦ هەزار کەس لەو وڵاتە لە نەخۆشیەکە چاکبوونەتەوە.

 وڵاتەکە ژمارەیەک رێکاری توندی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووەتەبەر، داوا لە هاوڵاتیانیش کراوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە، ئەوەش بازرگانی گرنگی لە ٤٢ ویلایەتی وڵاتەکە پەکخستووە و کاریگەری لەسەر ئابووری ئەمریکا دروستکردووە.

س.س