سەردێڕ:

هەرێم.. ئەمڕۆ بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەدرێت

کۆرۆنا لە هەرێم
فۆتۆ: 
2020-04-10

21721 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەدات و وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت داوایان کردووە تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە درێژبکرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، ١٠ی نیسانی ٢٠٢٠، ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێریش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزیری ناوخۆی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان تاوتوێی پلانێکی نوێ دەکات بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ و ئەمڕۆ وردەکاریی و وادەی درێژکردنەوەکە ئاشکرادەکرێت.

دەشڵێت، جارێکی دیکە قەدەغەی ھاتوچۆ درێژدەکرێتەوە بەڵام جارێ کاتی درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ دیاری نەکراوە.

هاوکات، محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەکو وەزارەتی تەندروستیی داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە تاوەکو ١٥ ئەم مانگە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ درێژبکرێتەوە.

روونیشیکردەوە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاردەدات و تاوەکو ئێستا دیارنییە ئەو پێشنیازە قبوڵ دەکرێت یاخود نا.

ئەمەش لە کاتێدایە، رۆژی ٣١ی مانگی ئازاری ٢٠٢٠، بۆ جاری چوارەم ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ تاوەکو ١٠ی نیسان درێژکرایەوە و بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری نوێى درێژکرنەوە ئاشکرابکات.