سەردێڕ:

چین.. ده‌یان هه‌زار كه‌س شاری وهانیان جێهێشت

فۆتۆ: 
2020-04-09

35338 جار خوێندراوەتەوە

پاش هه‌ڵگرتنی كه‌ره‌نتینه‌ی سه‌ر شاری وهانی چین، هه‌زاران كه‌س شاره‌كه‌یان بەجێهێشت و گه‌شته‌ بازرگانییه‌كانی شاره‌كه‌ش ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

شاری وهان لە رۆژهەڵاتی چین، ئەو شارەی‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تیایدا سه‌ریهه‌ڵدا و لەو کاتەوە بۆ ماوه‌ی ٧٦ رۆژ كه‌ره‌نتینه‌كرا، دوێنێ ٧ی نیسان كه‌ره‌نتینه‌ی سەر شارەکە هەڵگیرا و هه‌زاران كه‌س شاره‌كه‌یان جێهێشت.

به‌پێی هه‌واڵێكی Channel News Asia له‌ شاری وهان كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ١١ ملیۆن كه‌سه‌، تێرمیناڵه‌كانی پاس و وێستگه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر دووبارە قەرەباڵغ بوونەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی شاره‌كه‌وە، نزیكه‌ی ٥٥ هه‌زار كه‌س شاره‌كه‌ی جێهێشتووه‌ و هه‌ندێک لە گەشتە ئاسمانییەکانیش دەستیانپێکردووەتەوە، هەر ئەمڕۆش پێنجشەممە، ١٠ هه‌زار كه‌سی دیكه‌ شاره‌كه‌یان جێهێشت.

هاوکات، گه‌شتی ئاسمانیی بازرگانیی له‌ وهانه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی شانگهای، په‌كین و شینجین ده‌ستیپێکردووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا و بە جیهاند تەشەنەی سەند، لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا ٨١ هەزار و ٨٦٥ کەس لە چین توشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٣٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٧ هەزار و ٣٧٠ کەسیش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە.

هـ.ئـ