سەردێڕ:

نیویۆرک تایمز: پێدەچێت ١٥٠ کەسی بنەماڵەی پادشای سعودیە توشی کۆرۆنابووبن

کۆرۆنا لە سعودیە
فۆتۆ: 
2020-04-09

2731 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، بڵاویکردەوە، گومان دەکرێت نزیکەی ١٥٠ کەس لە بنەماڵەی پادشای سعودیە توشی کۆرۆنا بووبن.

 رۆژنامەکە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی دوو بەرپرس لە نەخۆشخانەی شا فەیسەڵ، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی بنەماڵەی پادشایی سعودیە، ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ئەگەری توشبوونی ئەندامانی بنەماڵەی سعودیە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، نزیکەی ٥٠٠ قەرەوێڵەیان بۆ دیاریکراوە.

ئەو بەرپرسانە رایانگەیاندووە، تا ئێستا روون نیە چەند ئەندامی بنەماڵەکە توشی کۆرۆنا بوون، بەڵام داوایان لێکراوە ئامادەکاریی بکەن بۆ پێشوازیکردن لە ئەندامانی دیاری ناو خێزانەکە، کە لە تەواوی سعودیەوە بۆ نەخۆشخانەکە دەگوازرێنەوە.

پزیشکێک لە نەخۆشخانەی شا فەیسەڵ، بە رۆژنامەکەى وتووە، ئاگادارکراونەتەوە لەوەی کەسە توشبووەکان نزیکن لە بنەماڵەی پادشای سعودیەوە، فەیسەڵ بەندەر عەبدولعەزیز شازادەی سعودیە کە ئەمیری شاری ریازە، یەکێکە لە توشبووەکان کە بۆ یەکەی چاودێری ورد گواستراوەتەوە.

رۆژنامە ئەمریکیەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، شا سەلمان لە کۆشکێکی نزیک لە شاری جددە خۆی کەرەنتینە کردووە، هەروەها محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیری وڵاتەکەیدا لە ناوچەیەکی دابڕێندراو لە کەناراوەکانی دەریای سوور، خۆیان کەرەنتینە کردووە.

تا ئێستا دوو هەزار و ٩٣٢ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش ٤١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١٨ کەسی دیکەش چاکبوونەتەوە.

س.س