سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا

فۆتۆ: 
2020-04-09

14817 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٠، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جيهاندا ٣٣ دۆلار ١٢ سەنتە و نرخى بەرميلێک نەوتی خاوی ئەمريکيش ٢٥ دۆلار و ٧٧ سەنتە.

 دواى دابەزینێکى بەرچاو لە نرخى نەوت بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکنەکەوتنى روسیا و سعودیە لەسەر کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان، ماوەیەکە نرخى نەوت بەهۆى گفتوگۆکانى ئەمریکا و سعودیە لەسەر ئەو پرسە، بەرزبووەتەوە و لە سەروو ٣٠ دۆلارەوە ماوەتەوە.

ئەگەر کۆرۆنا بووبێتە هۆی توشبوونی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک کەس بە ڤايرۆسەکە ئەوا چەند هێندەی زيانە مرۆييەکان زيانی بە ئابوری جيهان گەياندووە.

زيانە ئابورييەکانی کۆرۆنا زۆر بواری گرتووەتەوە لەوانە بواری گەشتياری و بەرهەمهێنان و دەستی کار و لەناويشياندا گورزی کوشندە بەر بازاڕی نەوت کەوتووە.

شارەزايانی ئابوری ئاماژە بەوەدەکەن سعوديە پێويستی بەوەيە نرخی نەوت لە نزيکی ٨٢ دۆلاربێت بۆ هاوسەنگکردنی بودجەکەی، هەروەها ڕوسيا پێويستی بە نيوەی ئەو نرخەيە بۆ ئەو مەبەستە.

هاوکات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤايرۆسی کۆرۆنا خواست لەسەر نەوت لەلايەن وڵاتانی جيهانەوە بەشێوەيەکی بەرچاو کەميکردووە.