سەردێڕ:

هەرێم.. ١٦ توشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-04-08

96136 جار خوێندراوەتەوە

١٦ توشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە و دەربەندیخان چاکبوونەوە، بەوەش لە ٣١٠ توشبووی هەرێم تاوەکو ئێستا ١٣٥یان چاکبوونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى هەولێر ڕایگەیاند، شەش تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID – 19 دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەتەوە و باری تەندروستییان تەواو جێگیربووەتەوە، پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەکیان بۆ کرایەوە کە نێگەتیڤ بوو و بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.

هاوکات،  وتبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمشەو شەش توشبووی دیکە لە شاری سلێمانی چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستیى دەربەندیخان ڕایگەیاند، سێ توشبووى دیکەى کۆرۆنا چاکبوونەوە و نێردرانەوە ماڵەوە، لە ئێستاشدا ١١ نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە و چارەسەر وەردەگرن.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستیی هەڵەبجە ڕایگەیاند، یەکم توشبوو بە كۆرۆنا لە هەڵەبجە چاکبووەوە و پاش وەرگرتنی چارەسەر و ڕەوانەى ماڵەوە کرایەوە.

ئەوەش لە کاتیکدایە، بە پێى دوایین ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستىی حکومەتى هەرێمى کوردستان، تا ئێستا ٣١٠ حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمدا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش ١٣٥ کەس چاکبوونەتەوە.