سەردێڕ:

سەرۆکی هەرێم بۆ لایەنە عێراقییەکان: پشتیوانی مستەفا كازمی دەکەین

فۆتۆ: 
2020-04-08

10305 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە كاندیدكردنی مستەفا كازمی بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی عێراق دەکەن و داواش لە لایەنەکان دەکات پشتیوانی بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەم دۆخە سەخت و دژوارەی وڵاتە ئازیزەكەمانی پێدا تێدەپەڕێ، لە هەموومان دەخوازێ ناكۆكیيەكانمان بەلاوە بنێین، هەرچی زووترە لەسەر میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵی بەپێی دەستور و لەسەر بنەمای سازانێكی ڕاستەقینە ڕێكبكەوین كە سەقامگیری و بەتواناییی حكومەتەكە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا مسۆگەر بكات، گرنگترین ئەركیشی لەم قۆناغەدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و قه‌یرانانه‌یه‌ كە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگه‌ی باوەڕی بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی عێراق و ئامادەیی بۆ كاری جددی لەو پێناوەدا، پێكهێنانی حكومەتی نوێ بە پشتیوانیی هەموو لایەنە نیشتمانییەكان زۆر بە پێویست دەزانێت".

راشیگەیاندووە، "لەو پێودانگەوە پێشوازی لە كاندیدكردنی بەڕێز مستەفا كازمی دەكەین بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە، داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین پشتیوانی بكەن تا بە زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكومەت تەواوبكات".

رۆژی ٦ی ئەم مانگە، پێنج کوتلەی شیعە لە عێراق کە خاوەنی ١٠٦ کورسین لە پەرلەمانی عێراق، رێککەوتن لەسەر کاندیدیکردنی مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی، لەبری عەدنان زورفی بۆ پێکهینانی حکومەتی نوێی عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پاش دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دواتریش شکستهێنانى محەمەد تۆفیق عەلاوی لە پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، عەدنان زورفى لە ناوەڕاستى مانگى ئازار لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراقەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق راسپێردرا، لە ئێستاشدا لایەنەکان باس لە کاندیدکردنی مستەفا کازمی، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری بۆ ئەو پۆستە دەکەن.

هـ.ئـ