سەردێڕ:

مەترسی کۆرۆنا لەسەر ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە چیە؟

فۆتۆ: 
2020-04-08

5959 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕانی تەندروستی لە فەڕەنسا و بەریتانیا رایانگەیاندووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی زیاتری لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە کێشی جەستەیان زۆرە، تەنانەت ئەگەر گەنجیش بن.

 ماڵپەڕی حوڕە لەوبارەیەوە لێدوانی لە هارڤی کێنتاگ پزیشکی بەنج لە نەخۆشخانەی نیس لە فەڕەنسا وەرگرتووە، کە رایگەیاندووە، "ئەو کەسانەی کێشی جەستەیان زۆرە بەشێوەیەکی گشتی شەکر و فشاری خوێنیان بەرزە و بەوهۆیەشەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی زیاتری لەسەریان هەیە".

 ئەو پزیشکە رایگەیاندووە، پزیشکەکان بەشێوەیەکی وردتر چارەسەری ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا دەکەن کە کێشی جەستەیان زۆرە، تەنانەت ئەگەر نەخۆشەکە گەنجیش بێت.

 بە گوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی مۆنتپێلیەر لە فەڕەنساش، نزیکەی ٥٠%ی ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا کە خراونەتە ژێر چاودێری وردەوە، کەسانێک بوون کە کێشی جەستەیان زۆر بووە.

 ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، توێژینەوەیەکی بەریتانی دەریخستووە، ٦٣%ی ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا کە بە سەختی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و خراونەتە ژێر چاودێری وردەوە، کێشی جەستەیان زۆر بووە.

 پسپۆڕانی تەندروستی جەختدەکەنەوە، قەڵەوی مەترسی توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک فشاری خوێن و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە زیاد دەکات، هاوکات هۆکارێکیشە بۆ لاوازبوونی بەرگری لەش.

 س.س