سەردێڕ:

زانایان خاڵی لاوازی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرادەکەن

فۆتۆ: 
2020-04-07

49479 جار خوێندراوەتەوە

زاناکان لەرێگەى توێژینەوەیەکى نوێوە خاڵى لاوازى ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرادەکەن کە دەتوانرێت لەو رێگەیەوە بە ڤاکسین لەناوببرێت.

 توێژینەوەکە کە لەلایەن پەیمانگاى سکریبسی ئەمریکى بۆ توێژینەوەکان کراوە باسی لەوەکردووە، خاڵی لاواز لە رەگی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەیە کە دەتوانرێت ڤاکسین بۆ بەئامانجگرتنی بەکاربهێنرێت، لە ڤاکسینەکەدا دژە تەن هەیە کە تێکەڵ بە ڤایرۆسەکە دەبێت و دواجاریش دەبێتە هۆی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە، دواتریش توێژەران نەخشەى تێکەڵبوونی دژە تەنەکان لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا دیاریکردووە.

 ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دژە تەنانە لە جەستەى نەخۆشێک کە پێش چەند ساڵێک توشی ڤایرۆسی سارس بووبوو وەرگیراون، دواتر کاریگەرییەکانی ئەو دژە تەنانە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆناش دەرکەوت.

 ئیان ویڵسۆن پزیشکى راوێژکاریی لەبارەى توێژینەوەکەوە رایگەیاندووە، زانینى زنجیرەی تۆمار لە ڤایرۆسەکەوە هاوکار دەبێت لەسەر نەخشاندنى دیزاینێکى ڤایرۆسەکە بۆ ئەوەى بتوانرێت ڤاکسین و چارەسەر لە دژى بەکاربهێنرێت.

 ویڵسۆن چۆنییەتى هێرشکردنەسەر ڤایرۆسەکە لەلایەن دژە تەنەکانەوە بە نوکى تیر وەسفکردووە کە دەتوانێت وەک ئەوە بیپێکێت، ئەوەش ئاماژەیە بۆ خاڵى لاوازى ڤایرۆسەکە.

 مینخ یوان نوسەرێکى هاوبەشى توێژینەوەکەش باسی لەوەکردووە، ئەو بەشە لاوازەی کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەیە کاتێک دەردەکەوێت کە ڤایرۆسەکە پێکهاتەکەی دەگۆڕێت.

 یەیمانگاى سکریبس هەوڵى داوە بۆ دەستخستنى خوێن لەوانەى لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە لە پێناوى پشکنینى دژەتەنەکانى جەستەیان.

 ئەو توێژینەوەیە لە چوارچێوەى توێژینەوەیەکانى پێشووى کۆمەڵەى پزیشکانى ئەمریکا دێت کە ئاماژەیان بەوەکردبوو خوێنى ئەوانەى لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە دەتوانرێت هاوکاربێت بۆ چارەسەرى حاڵەتە قورسەکان.