سەردێڕ:

تەندروستیی جیهانی: پێویستە کارمەندانی تەندروستی لە توندوتیژی پارێزراوبن

فۆتۆ: 
2020-04-07

4057 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی راگەیاند، پێویستە حکومەتی وڵاتان کارمەندانی تەندروستی لە هەر هێرشێک بپارێزن کە لە ماوەی چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا دەکرێتەسەریان.

 رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەگەڵ ئەنجومەنی پەرستارانی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە جنێفە، لە کۆنفرانسێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "لە تەواوی جیهانەوە زانیاریمان پێگەیشتووە، توندوتیژی و گێچەڵ دەکرێتە سەر کارمەندانی تەندروستی کە ئەمە بەتەواوی قبوڵنەکراوە".

 هاوارد کاتۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەرستارانی نێودەوڵەتی داوای لە حکومەتی وڵاتان کرد "بە هیچ جۆرێک توندوتیژی دژ بە کارمەندانی تەندروستی قبوڵنەکەن، هاوکات دڵنیایی بدرێت لەوەی کارمەندانی تەندروستی بە روون و ئاشکرا و لەسەر بنەمای زانستی پەیامی تەندروستی دەگەیەنن".

 هاوکات جۆرج کۆمێتۆ بەرپرسی بەشی هێزی کاری تەندروستی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رایگەیاندووە "دیاردەیەکی نوێ هەیە کە کارمەندانی تەندروستی ژیانیان دەخرێتە مەترسییەوە، لەبری ئەوەی وەک چارەسەری ئەم قەیرانە سەیربکرێن".

 ئاماژەش بەوەکراوە، "تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کارمەندی تەندروستی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە کە بەشێکیان پەرستار بوون".

 ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو دیاردەیە هەرێمى کودستانیشی گرتووەتەوە و دوێنێ لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە شاری سلێمانی، هێرشکرایە سەر پزیشکێک و ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری پزیشکانی لێکەوتەوە و وەزارەتی تەندروستیش رایگەیاند، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەین لێکۆلینەوە لەو رووداوە بکەن.

 س.س