سەردێڕ:

یەکەمین وڵات کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای راگەیاند

نەرویج
فۆتۆ: 
2020-04-07

135630 جار خوێندراوەتەوە

نەرویج کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، بەڵام رێکارە تەندروستییەکان لە وڵاتەکەدا دەهێڵدرێنەوە.

 ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردەوە، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەرویج بۆ ٠.٥% کەمیکردووە، دوای ئەوەی مانگی ئازاری رابردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێوەیەکی رۆژانە بە رێژەی ٥.٥% زیادیدەکرد.

بێنت هۆی، وەزیری تەندروستی نەرویج لەوبارەیەوە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندووە، "بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، چونکە بەهۆی رێکارەکانەوە بووە کە توانیومانە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە رابگرین".

راگەیاندنی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە نەرویج لەکاتێکدایە، ١٢ی مانگی رابردوو، ئێرنا سۆڵبێرگ سەرۆک وەزیرانی نەرویج رێکاری توندی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.

ساڵۆن و هۆڵەکانی لەشجوانی و گازینۆکان لەسەرتاسەری نەرویج داخران، چێشتخانەکانیش بە مەرجێک رێگایان پێدرا بە کراوەیی بمێننەوە، کە مەترێک لە نێوان مێزەکاندا دووربێت.

هاوکات هەر کەسێکیش لە دەرەوەی وڵاتەوە گەشت بۆ نەرویج بکات، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە کەرەنتینەدا دەهێڵدرێتەوە.

لە ئێستادا پێنج هەزار و ٨٦٥ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەرویج تۆمارکراوە، ٧٦ کەس گیانیانلەدەستداوە، ٣٢ کەسیش لە نەخۆشیەکە چاکبوونەتەوە.

س.س