سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. دەمامك چۆن رێگە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەگرێت؟

فۆتۆ: 
2020-04-06

8488 جار خوێندراوەتەوە

چەند ڤیدیۆیەك کە بە لێزەر گیراون دەریدەخەن کە  گرنگە دەمامك ببەسترێت بۆئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی "کۆڤید -19" بگیرێت.

 لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژەی بەوەکردووە، لەو ڤیدیۆیەدا  کە لەلایەن هەژماری "Coronavirus Info" لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە بە روونی دەردەکەوێت کە دەمامك دەبێتە هۆی رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەسێکی تووشبووەوە بۆ یەکێك کە ساغە و تووش نەبووە، ئەوەش لەرێگەی هەناسەدانەوە یان پرشەکانی کۆکە و پژمە یاخود تەنانەت هەناسەدان لە نزیك کەسێکەوە کە تووشی ئەو ڤایرۆسە بووە.

ئەم ڤیدیۆیە دەریخستووە، لەکاتی نەبەستنی دەمامکدا هەوا و پرشەکانی هەناسەدان  زیاتر بڵاودەبێتەوە، لە دیمەنێکی دیکەدا دەرکەوتووە ئەو کاتەی کە دەمامکەکە دەبەسترێت پرشەکانی کاتی هەناسەدانەوە و دەردراوەکانی کۆئەندامی هەناسەدان کەمتر دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات کەسانی دیکە لە تووشبوون بپارێزرێن.

پزیشکان دەڵێن، ١٠٠ هەزار پرش لە دەردراوی ناودەم و کۆئەندامی هەناسەدانەوە لەگەڵ هەناسەدان و قسەکردنی کەسەکانەوە لە دەمەوە دێنە دەرەوە و لە شوێنە داخراوەکاندا لە هەوادا دەمێننەوە.

بەڵام سوودی دەمامك ئەوەیە کە وادەکات لە کەسی تووشبووەوە هیچ کەسێك تووشی ئەم ڤایرۆسە نەبێت و دەیانپارێزێت، لە کاتێکدا کە کەسەکە ناچاربێت تێکەڵ بە کەسانی دیکە ببێت.