سەردێڕ:

سلێمانی.. بەشێک لە پزیشکان هەڕەشەی راگرتنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن

فۆتۆ: 
2020-04-06

15481 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە پزیشکانی شاری سلێمانی لە دژی هێرشکردنە سەر یەکێک لە کارمەندانی تەندروستی، هەڕەشەی وەستاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەکەن، ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ دەستبەجێ لێکۆڵینەوە دەستپێنەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیاندراوێکدا بەشێک لە پزیشکانی شاری سلێمانی بڵاویانکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، "داواکارین لە وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ لە بکەرانی ئەو تاوانە بکات و دەستبەجێ ئەوبڕیارە هەڵبوەشێندرێتەوە و رێکار و هۆکاری هاتوچۆی سەلامەت بۆ پزیشکان دابینبکرێت".

دەشڵێن، "لە ئەگەری بەهەند وەرنەگرتنی  داواکاریەکانی ئەم بەیاننامەیە لە دوای ٢٤ کاتژمێر، وەزارەتی ناوخۆ بەرپرس دەبێت لە هەر وەستانێک کە لە خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان لە سنوری پارێزگایی سلێمانی روودەدات".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، " ئێمەی پزیشکان لە سەنگەری پێشەوەی کارکردنین دژ بە نەخۆشی کۆرۆنا، بەڵام بە داخەوە لەجێی پێزانین و هاوکاریکردنمان، لە پای ئەو ئەرکە قورسەی سەرشانمان، بە بڕیارێکی نا شایستەی (وەزارەتی ناوخۆ) ئاستەنگی گەورە بۆ ئەم خزمەتکردنەی پزیشکان دروستکراوە و لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو پزیشکان بە زەحمەتێکی زۆر توانیویانە بچنە سەرکار".

باس لەوەشکراوە، "ئەمرۆ رێکەوتی ٤ی نیسان پزیشکێکی بێهۆشکاری، پاش تەواوبوونی ئەرکەکەی لە نەخۆشخانە و گەڕانەوەی بۆ ماڵ دراوەتە بەرشەقی هێزە ئەمنییەکان".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە شاری سلێمانی، هێرشکرایە سەر پزیشکێک و ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری پزیسکانی لێکەوتەوە و وەزارەتی تەندروستیش رایگەیاند، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەین لێکۆلینەوە لەو رووداوە بکەن.

هـ.ئـ