سەردێڕ:

فەڕەنسا.. رێگایەکی کۆن بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا تاقیدەکرێتەوە

فۆتۆ: 
2020-04-06

9889 جار خوێندراوەتەوە

لە سبەینێوە توێژەرانی فەڕەنسا پلازمانی کەسی چاکبووەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک چارەسەر لەسەر توشبووانی کۆرۆنا تاقیدەکەنەوە.

 بە گوێرەی ماڵپەڕی سکای نیوز، پەیمانگای نیشتیمانی بۆ توێژینەوە تەندروستییەکان لە فەڕەنسا، رایگەیاندووە "بەهۆی دروستبوونی دژە تەن (antibody) لە جەستەی ئەو کەسانەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، پلازمای خوێنی ئەو کەسانە بۆ چارەسەرکردنی کەسانی توشبوو بە کۆرۆنا بەکاردەهێنن، بە ئامانجی ئەوەی بەرگری جەستەی توشبووەکان بەهێزبکرێن".

 ئەو پەیمانگایە راشیگەیاندووە، "پێدەچێت بتوانرێت ئەم ڕێگایە بۆ چارەسەری ئەو توشبووانە بەکاربهێنرێت کە باری تەندروستییان ناجێگیرە".

 سبەینێ وەک یەکەم قۆناغی توێژینەوەکە، لە شاری پاریس و رۆژهەڵاتی فەڕەنسا سامپڵ لە پلازمای ٢٠٠ کەس وەردەگیرێت، ٦٠ نەخۆشی کۆرۆناش لە نەخۆشخانەکانی پاریس بەشداری لە تاقیکردنەوەکەدا دەکەن کە نیوەیان پلازمای کەسی چاکبووەوەیان پێدەدرێت و لەدوای یەک بۆ سێ هەفتەی دیکە ئەنجامی توێژینەوەکە رادەگەیەندرێت.

 بەکارهێنانی پلازمای کەسی چاکبووەوە لە چارەسەرکردنی نەخۆشیدا ڕێگایەکی کۆنی چارەسەرەکانە کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە دژی ڤایرۆسەکان بەکارهاتووە، هەر لە ئەنفلۆنزای ساڵی ١٩١٨وە تاوەکو دەگاتە سورێژە لە ١٩٣٠یەکاندا و ئیبۆلاش لە ٢٠١٤.

 س.س