سەردێڕ:

عێراق.. پێنج کوتلەی شیعە لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران رێككەوتن

پێکهێنانى حکومەت
فۆتۆ: 
2020-04-06

14973 جار خوێندراوەتەوە

پێنج کوتلەی شیعە لە عێراق کە خاوەنی ١٠٦ کورسین لە پەرلەمانی عێراق، رێککەوتن لەسەر کاندیدیکردنی مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی، لەبری عەدنان زورفی بۆ پێکهینانی حکومەتی نوێی عێراق.

حەمید مەعلە سەرکرد لە رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی ماڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحدا، نوێنەرانی دەوڵەتی یاسا، رەوتی حیکمە، هەردوو کوتلەی نەهجی نیشتمانیی و فەزیڵە ڕێککەوتوون لەسەر کاندیدکردنی مستەفا کازمی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت لەبری زورفی.

وتووشیەتی، داواکاری کاندیدکردنی کازمی ئاراستەی سەرۆك کۆمار دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکی یاسایی لەوبارەیەوە بدات.

هاوپەیمانی فەتح ٤٨ پەرلەمانتار و دەوڵەتی یاسا ٢٦ پەرلەمانتار و رەوتی حیکمەی نیشتمانی ١٩ پەرلەمانتار و فەزیڵە پێنج پەرلەمانتار و نەهجی نیشتمانی هەشت پەرلەمانتاری هەیە و بەهەموویانەوە خاوەنی ١٠٦ كورسین لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانى عێراق.

مستەفا کازمی، کەسایەتی سەربەخۆیەوە و سەر بە هیچ هێزێکی سیاسیی نییە، لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی لە سەردەمی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشتووتردا وەرگرت و تا ئێستا لەو پۆستەدایە.