سەردێڕ:

چین.. حاڵەتێکى نوێی کۆرۆنا لە ناوخۆى وڵاتەکە تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2020-04-06

7855 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانى چین رایانگەیاند، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا ٣٩ حاڵەتى نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە یەکێک لە حاڵەتەکان لە ناوخۆى وڵاتەکەدایە.

لیژنەى تەندروستیی چین، ئەمڕۆ دووشەممە ئاماژەى بەوەکردووە، لە رۆژى شەممەوە تا کۆتایی دوێنێ یەکشەممە ٧٨ حاڵەتى نوێ تۆمارکراوە کە هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە.

باسی لەوەشکردووە، لە ناو حاڵەتە نوێیەکاندا تەنیا یەک حاڵەت لە ناوخۆی چیندا هەبووە کە لە هەرێمى کوانگدونگى باشور تۆمارکراوە و لە گەشتیارێکى هەرێمى هۆبەیەوە بۆى گواستراوەتەوە، ٣٨ حاڵەتەکەى دیکە لەدەرەوەى چین تۆمارکراون.

بەپێی ئامارەکانى لیژنەى تەندروستی چین لە ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا دوو کەس بەهۆى ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چین یەکەم وڵات بوو کە ڤایرۆسی کۆرۆناى تێدا بڵاوبووەوە و لە ئێستاشدا کۆنتڕۆڵى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەى کردووە و رۆژانە تەنیا چەند حاڵەتێک لە دەرەوەى وڵاتەکەى تۆماردەکرێت، کۆى حاڵەتەکانیش تا ئێستا ٨١ هەزار و ٧٠٨ حاڵەتە، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٣٣١ حاڵەتى گیانلەدەستدان هەیە و ٧٧ هەزار و ٧٨ کەسیش چاکبوونەتەوە.