سەردێڕ:

نیویۆرک.. بۆ یەکەمجار ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا کەمیکرد

فۆتۆ: 
2020-04-06

3015 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجار لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژمارەی توشبووان و گیانلەدەستدان لە ویلایەتی نیویۆرک کەمیکرد.

 ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، ئاندرو کوۆمۆ حاکمی نیویۆرک رایگەیاندووە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا هەشت هەزار و ٣٢٧ حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتی نیویۆرک تۆمارکراوە، ٥٩٤ کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 راشیگەیاند، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لەو ویلایەتە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون گەیشتووەتە ١٢٢ هەزار کەس، ٧٥%ی توشبووانیش چارەسەریان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.

 وتیشی، تا ئێستا چوار هەزار و ١٥٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە نیویۆرک تۆمارکراوە، بەوەش نیویۆرک زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەراورد بە ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا تیادا تۆمارکراوە.

 لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان لەو ناوچانەی ئەمریکا کە لە ڕابردوودا زۆرترین حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە ئاماژەیەکی ئومێدبەخشە، بەڵام هۆشداریشیدا لەوەی "لە چەند رۆژی داهاتوودا حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا دەگاتە لوتکە".

 ئەمریکا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهاندایە لە ڕووی بەرزی ژمارەی توشبووانەوە، تا ئێستا ٣٣٦ هەزار و ٨٣٠ حاڵەتی توشبوون و نۆ هەزار و ٦١٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان لەو وڵاتە تۆمارکراون، نزیکەی ١٨ هەزار کەسیش بە تەواوی چاکبوونەتەوە.

 س.س