سەردێڕ:

ئەمریکا.. بەتەمەنترین توشبووی کۆرۆنا لە جیهاندا چاکبووەوە

فۆتۆ: 
2020-04-06

4741 جار خوێندراوەتەوە

پیاوێکی ئەمریکی کە بەرگەی جەنگی دووەمی جیهان و ئەنفلوەنزای ئیسپانیی ساڵی ١٩١٨ی گرتووە لە ئێستادا و بەشێوەیەکی ئەفسووناوی لە کۆرۆناش ڕزگاریبووە و بەتەمەنترین کەسە کە چاکبووبێتەوە.

رۆژنامەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، بیڵ لاپسچایس پیاوێکی تەمەن ١٠٤ ساڵە و رۆژی ٥ی مانگی رابردوو چەند نیشانەیەکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا دەرکەوتووە، دەستبەجێ لەو خانەی سەربازە دێرینانەی کە تێیدا نیشتەجێیە لە ویلایەتی ئۆریگن خراوەتە کەرەنتینەوە.

لاپسچایس دووەم کەسە لە خانەکەیدا تووشی کۆرۆنا ببێت، کەسەکەی دیکە پیاوێک بووە لە ٩٠ـەکانی تەمەنیدا و گیانی لەدەستداوە، تاکو ئێستاش ١٦ حاڵەت لە خانەکەدا تۆمارکراون، بەڵام لاپسچایس بەرگەی نەخۆشییەکەی گرتووە و بەپێی وتەی پزیشکەکانی نەخۆشییەکەی بە شێوەیەکی مامناوەند گرتووە و هیچ کێشەیەکی هەناسەدانی نەبووە.

ناوبراو رۆژی ١ی نیسان ئاهەنگی بوون بە ١٠٤ ساڵەی گێڕا، واتە ٢٥ رۆژ دوای ئەوەی یەکەم نیشانەی ڤایرۆسەکەی تێدا دەرکەوت، لە ئاهەنگەکەیدا بەشێک لە خێزانەکەی بە میزەڵدان و کێکەوە ئامادەبوون و دوو مەتر نێوانیان هێشتبوویەوە تاکو خۆیان لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بپارێزن.

شایەنی باسە لاپسچایس تاکە کەسێک نییە لە جیهاندا تەمەنی لە سەروو ١٠٠ ساڵییەوە بێت و نەخۆشییەکەی تێپەڕاندبێت، تاکو ئێستا سێ کەسی دیکە هەمان بەختی لاپسچایسیان هەبووە، ژنێکی تەمەن ١٠٣ی ساڵی چینی و ژنێکی دیکەی ١٠٣ ساڵی لە ئێران و ١٠٢ ساڵییەکیش لە ئیتاڵیا توانیویانە بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵببن.

ب.ع