سەردێڕ:

قائیمقامی سلێمانی: پلانێکی گشتگیر بۆ دوای ٤٨ کاتژمێرەکە دانراوە

فۆتۆ: 
2020-04-05

129064 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی ٤٨ کاتژمێرەکەی قەدەغەی ھاتوچۆ پلانێکی گشتگیریان داناوە بۆ رێگەدان بە کردنەوەی بەشێک لەو شوێنانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پلانێکی گشتگیر بۆ رێگەدان بە کردنەوەی بەشێک لەو شوێنانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە  دانراوە بە شێوەیەک کارکردنی ئەو شوێنانە تەواو جیاوازدەبێت لە شێوازی کارکردنی پێشووتر، بە رەچاوگرتنی ھەموو رێنماییە تەندروستیەکان و گرتنەبەری چەند رێکار و رێوشوێنێکی گونجاو رێگە بەکارکردنیان دەدرێت ".

ئاماژەى بەوەشکرد، "ئەگەر رەوشەکە لەباربێت بەپێی چەند مەرج و رێنماییەکی نوێ کە دواتر بڵاویاندەکەینەوە رێگە بەکردنەوەی بەشێک لە مارکێت و دەرمانخانە و نانەواخانە و سەمونخانەکان و عەلوە دەدرێت".

باسی لەوەشکرد، "ھاوڵاتیان دڵنیادەکەینەوە ھەموو بڕیار و رێنماییەکان بەڕەچاوکردنی مەترسی قۆناغەکە دەدرێن و پاراستنی لایەنی تەندروستی خەڵک لە ئاستێکی باڵادا لە بەرچاودەگیرێت".

ئەوەشى خستەڕوو، "بە پابەندبونی ئێوە و مانەوەتان لە ماڵەکانتان مەترسییەکانی کۆرۆنا زووتر تێدەپەێنین و نزیکتردەبینەوە لە ئاسایی بوونەوەی ژیان لە ھەرێمی کوردستان".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژى هەینی ٣ى نیسانى ٢٠٢٠، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، هەموو جۆرە هاتوچۆیەک لە هەرێم قەدەغەکرا و سەرجەم مارکێت و نانەواخانە و ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان رێگەپێدراون داخران.