سەردێڕ:

تەندروستیی هەولێر لە بارەی ژمارەی پشکنینەکانەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-04-05

14937 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت، هۆکارەکانی ئەو ژمارە زۆری پشکنین دەگەڕێتەوە بۆ بوونی زۆری ژمارەی تیمەکانی کاردانەوەی خیرا و پشکنینی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی بەرکەوتووی تووشبووەکان.

لە راگەیەندراوێکدا د. بژار موسا عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت، "بۆ بەرچاوڕوونی هاوڵاتیان و ڕای گشتی لەسەر زۆری ژمارەی پشکنینەکانی تاقیگەیی بۆ ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای هەولێر کە ڕۆژانە ئەنجامدەدرێت سەرەڕای سنورداری ژمارەی تێستی تاقیگەیی بەڵام تەندروستی هاوڵاتی لە سەرووی هەمووانە، ئەنجامدانی ژمارەیەکی زۆری پشکنین دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانەر خوارەوە":

١.  زۆری ژمارەی تیمەکانی کاردانەوەی خیرا (Rapid Response team) لەناو شار و قەزا و ناحیە و گوندەکانی سنوری پارێزگای هەولێر.

٢.  پشکنینی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی بەرکەوتووی تووشبووەکان.

٣. پشکنینی ژمارەیەکی زۆری کارمەندانی نانەواخانە و سەمونخانە و مارکێتەکان.

٤.  پشکنینی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی گەڕاوە لە دەرەوەی ووڵات لەدوای ڕێکەوتی 15\2.

٥. کردنەوەی ژمارەکی زۆری بنکەکانی وەرگرتنی پشکنین.

٦. بەردەوامی کارکردنی تاقیگەی تەندروستی گشتی 24 کاتژمێر بەشەووڕۆژ.

٧.  ڕووپێوکردنی هاوڵاتیان لە شوێنە گوماناوی و بەرکەوتەکان.

٨. زۆری ژمارەی کەڕەنتینەکان و پشکنینی هەموو هاوڵاتیانی کەرەنتینەکان.

٩. پشکنینی پزیشکان و کارمەندانی تاقیگە و کارمەندانی دەروازە سنوریەکان و خاڵەکانی پشکنین و فڕۆکەخانەکان.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی، تا ئێستا ٢٣٢ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و ٧٤ حاڵەتی چاکبوونەوەش تۆمارکراوە.