سەردێڕ:

ئیسپانیا لەڕووی زۆری ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا بووە دووەم وڵات

فۆتۆ: 
2020-04-05

3855 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای ئەمریکا، ئیسپانیا بووە دووەم وڵاتی جیهان کە زۆرترین ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە، ئەوەش دوای تۆمارکردنی زیاتر لە حەوت هەزار حاڵەتی نوێی نەخۆشیەکە.

تەندروستیی ئیسپانیا، رایگەیاندووە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا حەوت هەزار و ٢٦ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، بەوەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتەکەدا توشی نەخۆشیەکە بوون بۆ ١٢٦ هەزار و ١٦٨ کەس بەرزبووەوە.

ژمارەی گیان لەدەستدانیش بە کۆرۆنا، لە ئیسپانیا بۆ ١١ هەزار و ٩٤٧ کەس بەرزبووەوە، ئەوەش دوای گیانلەدەستدانی  ٨١٢ کەسی دیکە بە نەخۆشیەکە.

ئەگەرچی ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیسپانیا رووی لە هەڵکشانە، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن، ڕێژەی گیانلەدەستدان بەراورد بە رۆژانی پێشتر کەمیکردووە.

پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە قەدەغەی هاتووچۆ لە وڵاتەکەدا بۆ ٢٥ی نیسان درێژدەکەنەوە، هاوڵاتیان تەنها بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان ڕێگایان پێدەدرێت لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ڕیزبەندییەکی ماڵپەڕی بلومبێرگ، ساڵی رابردوو ئیسپانیا بە تەندروستترین وڵاتی جیهان دیاریکراوە، بەڵام ئێستا لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین حاڵەتەکانی توشبوونی تێدا تۆمارکراوە.

س.س

‌بەپەلە