سەردێڕ:

زانایان: جۆرە دەرمانێک لە ٤٨ کاتژمێردا کۆرۆنا لەناودەبات

فۆتۆ: 
2020-04-04

92750 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی ئوسترالیا ئاشکرایانکرد، جۆرە دەرمانێکی دژە مشەخۆر کە لە جیهاندا بەردەستە، دەتوانێت لە ٤٨ کاتژمێردا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناوببات.

ماڵپەڕی سێڤن نیوزی ئوسترالی بڵاویکردەوە، توێژەرانی زانکۆی مۆناش لە ئوسترالیا، لە تاقیگەکانیاندا دەرمانی ئیڤەرمێکتین (Ivermectin) یان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیکردووەتەوە کە دەرکەوتووە، تەنها بەکارهێنانی یەک ژەمە دەرمان دەبێتە هۆی وەستاندنی گەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خانەکاندا.

کایڵی واگستاف لەبارەی تاقیکردنەکەیانەوە رایگەیاند، "بۆمان دەرکەوتووە بەکارهێنانی یەک ژەمە دەرمان لە ئیڤەرمێکتین هەموو گەردێکی ئاڕ ئێن ئەی ڤایرۆسەکە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا لەناودەبات".

واگستاف گەشبینە بەوەی، ئەو دەرمانە لە تەواوی جیهاندا بەردەستە و دەکرێت لە چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنادا سوودی لێوەربگیرێت.

ئەگەرچی تا ئێستا بەتەواوی ڕوون نیە چۆن ئەو دەرمانە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاردەکات، بەڵام وەکو دەردەکەوێت دەرمانەکە ڕێگری دەکات لە تواناکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ لاوازکردنی ئەو خانەخوێیەی کە تیایدا گەشەیکردووە.

ماڵپەڕە ئوسترالیەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، قۆناغی داهاتووی زانایانی ئوسترالی دیاریکردنی بڕی پێویستی دەرمانەکەیە بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا تا دڵنیابنەوە لە سەلامەتی بەکارهێنانی دەرمانەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەو دەرمانە وەک دەرمانێکی دژە مشەخۆر، لەلایەن دەزگاکانی تەندروستییەوە ڕێگەپێدراوە بۆ بەکارهێنان و پێشتریش لە تاقیگەکاندا بە سەرکەوتوویی لەسەر چەند ڤایرۆسێکی وەک ئەیچ ئای ڤی و ئینفلۆنزا تاقیکراوەتەوە.