سەردێڕ:

زانایان نهێنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەم شێوە مەترسیدارە ئاشکرادەکەن

فۆتۆ: 
2020-04-03

45505 جار خوێندراوەتەوە

زاناکان پێیان وایە هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئەو کەسانەن کە بە بێدەنگیی بوونەتە هەڵگریی ڤایرۆسەکە یان ئەوانەی نیشانەکانی درمەکەیان تیادا دەرنەکەوتووە چونکە لە بنەڕەتدا نازانن هەڵگری ڤایرۆسەکەن و وەک هەموو کەسێکی ئاسایی مامەڵە دەکەن لێرەوە ڤایرۆسەکە ڕێچکەی خۆی دۆزییەوەتەوە تا بە بەربڵاویی تەشەنە بکات و خەڵکی زیاتر تووش بکات.

چەندین لێکۆڵینەوە لەلایەن زاناکانەوە کراون تا تێبگەن لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا بەم شێوە مەترسیدارە، یەکێک لەو توێژینەوە زانستیانەی لە چین کراون کە سەرەتا ڤایرۆسەکەی تیادا دەرکەوت، دەریخستووە ٨٦% ی توشبووان بەر لە ٢٣ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ تۆمارنەکرابوون چونکە نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا دەرنەکەوتبوون بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو توشبووانە سەرچاوەی ٩٧% ی دەرکەوتنی حاڵەتەکان بوون.

هاوکات، بەپێی توێژینەوەیەکی تری ژاپۆنی کە لەسەر کەشتی گەشتیاریی Diamond Princess  کراوە و لە سەرەتای شوباتی ڕابردوودا کەرەنتینە کرابوو ٦٣٤ گەشتیاری کەشتییەکە لەکۆی ٣ هەزار و ٦٣ گەشتیار تووشی ڤایرۆسەکە ببوون کە ١٨% یان هیچ نیشانەیەکی درمەکە لەسەر جەستەیان دەرنەکەوتبوو.

هەربۆیە هەموو ئامۆژگارییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" ئەوەیە دەبێت هەر کەسێک بەشێوەیەک لەخۆی بڕوانێت و مامەڵە بکات کە هەڵگرێکی بێدەنگی ڤایرۆسەکەیە و بەشێوەیەک مامەڵە بکات  چواردەوری خۆی بپارێزێت لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە چونکە ئەگەر زۆرە هەڵگری بێت.