سەردێڕ:

ئەمريكا.. لە ٢٤ كاتژمێردا ٩٢١ گیانله‌ده‌ستدان بە کۆرۆنا تۆمارکراوە‌

فۆتۆ: 
2020-04-03

2927 جار خوێندراوەتەوە

له‌ ماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا لە ئەمریکا، ٩٢١ تووشبووی دیكه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و كۆی گشتی گیانله‌ده‌ستدان له‌و وڵاته‌دا بۆ شه‌ش هه‌زار و ٥٧٢ به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

بەپێی دوایین ئامارەکان، ئەمريكا كە لە ريزبەندیى يەكەمدايە لەسەر ئاستى جيهان لە رووى ژمارەى تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژانە ژمارەى تووشبوون و گيان لەدەستدان به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ روو لە هەڵكشان دەكات.

بە گوێرەى دوايين ئامار كە لەلايەن زانكۆى جۆنز هۆپكينزەوە بڵاوكراوەتەوە، لە دوايين ٢٤ كاتژمێردا ٢٨ هەزار و ٨٧٩ كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوون و ژمارەى تووشبووان بۆ ٢٥٨ هەزار و ١١٢ كەس بەرزبووەتەوە، گەيشتووەتە زیاتر لە شەش هەزار.

لەسەرانسەرى جيهاندا، له‌رووی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوونه‌وه‌ لە دوای ئەمريكا، ئیتاڵیا بە زیاتر لە ١١٩ هەزار و ئیسپانیا بە زیاتر لە ١١٧ هەزار دواتریش ئەڵمانیا بە زیاتر لە ٨٩ هەزار دێت

لە ئێستاشدا نيويۆرك بووەتە چەقى پەتاكە لە ئەمريكا و ئەگەر تەماشاى حاڵەتەكانى تووشبوون له‌ ناوخۆی ئەمريكا بكرێت، ئه‌وه‌ ده‌بینرێت كه‌ كاريگەریى پەتاكە لەسەر هەردوو ويلايەتى نيويۆرك و نيوجێرسى بەردەوامە.

هاوکات، لەمڕۆدا ژمارەی توشبووان لە ویلایەتی نیویۆرک گەيشتە زیاتر لە ٩٢ هەزار کەس، لە پاش ئەویش ويلايەتى نيوجێرسى بە زیاتر لە ٢٥ هەزار حاڵەت و كاليفۆرنيا بە زیاتر لە ١١ هەزار حاڵەت دێت.

لە رووى گيانلەدەستدانەوە، ويلايەتى نيويۆرك بە زیاتر لە دوو هەزار حاڵەت لە پلەى يەكەمدايە و نيوجێرسى لە پاش نيويۆرك بە ٥٣٧ حاڵەت و پاش هەردووكيان ويلايەتى ميشيگان دێت بە ٤١٧ حاڵەتى گيانلەدەستدان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا لە سەرانسەی جیهاندا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە، ملیۆنێک و ٦٢ و هەزار و ٢٣٧ کەس، لەو ژمارەیەش ٥٦ هەزار و ٥٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٢٥ هەزار و ٦٠٣ کەسیش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە.