سەردێڕ:

ژمارەی ئەو عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵات توشی کۆرۆنا بوون ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-04-03

5096 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ١٦١ هاوڵاتی عێراقی لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون، حەوت کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، "ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی لە دەرەوەی وڵات گیانیان لەدەستداوە، سێ کەسیان لە بەریتانیا، دوو کەس لە سوید، هەریەک لە ئەڵمانیا و هۆڵەنداش یەک حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "دوو هاوڵاتی عێراقی لە کەنەدا و هاوڵاتییەک لە ئێران و هاوڵاتییەکی دیکەش لە ئوردن لە نەخۆشیەکە چاکبوونەتەوە".

سەبارەت بە حاڵەتەکانی توشبوونیش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەەوەی عێراق رایگەیاند، "زۆرترین ژمارەی توشبووانی عێراقی لە ئەمریکا بوون کە ژمارەیان ٤٠ کەس بووە، لەو ژمارەیەش ٣٥ کەسیان لە شاری لۆس ئەنجلس توشی نەخۆشیەکەبوون".

ژمارەی حاڵەتەکانی دیکەش بە گوێرەی وڵاتان بەم جۆرە بوون، نەرویج ٣٧ حاڵەت، سوید ٢٢ حاڵەت، هەریەک لە بەلجیکا و ئوردن ١١ حاڵەت، کەنەدا ١٠ حاڵەت، ئیتاڵیا حەوت حاڵەت، هەریەک لە بەریتانیا و نەمسا و هۆڵەندا پێنج حاڵەت، هەریەک لە سعودیە و لوبنان دوو حاڵەت، ئیمارات یەک حاڵەت.

ئەو وتەبێژە راشیگەیاند، باڵیۆزخانەکانی عێراق لەو وڵاتانەی حاڵەتەکانی توشبوونی تێدا تۆمارکراوە، چاودێری بارودۆخی هاوڵاتیانی عێراق دەکەن و پێداویستی تەندروستییان پێدەگەیەنن.