سەردێڕ:

جیهان.. توشبووانی کۆرۆنا یەک ملیۆنی تێپەڕاند

فۆتۆ: 
2020-04-02

4373 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی توشبووان بە ڤايرۆسی کۆرۆنا لە جيهاندا یەک ملیۆنی تێپەڕاند و ژمارەی ئەو کەسانەش کە گيانيان لەدەستداوە گەیشتە زیاتر لە ٥١ هەزار و تا ئێستاش زیاتر لە ٢١٠ هەزار کەس لە نەخۆشیەکە چاکبوونەتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکان لە جیهاندا، ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا گەیشتە ملیۆنێک و ١٦٨ کەس.

هاوکات، ژمارەی توشبووان بە ڤايرۆسەکە لە ئەمریکادا ٢٣٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زياتر لە پێنج هەزار کەسيش گيانيان لەدەستداوە.

هاوکات، لە وڵاتی ئيتاڵيا تائێستا زياتر لە ١١٥ هەزار کەس توشبوون و زياتر لە ١٤ هەزار کەسيش گيانيان لە دەستداوە.

لە ئيسپانياش کە بە سێیەم وڵات هەژماردەکرێت لە ڕووی ژمارەی توشبوون لە دوای ئەمریکا و ئیتاڵیاوە، ژمارەی توشبووان گەيشتە زیاتر لە ١١٠ هەزار کەس و ژمارەی ئەو کەسانەش کە گيانيان لەدەستداوە بۆ زياتر لە ١٠ هەزار کەس بەرزبووەوە.

دەربارەی ئەو وڵاتانەش کە هاوسێی عێراقن، لە وڵاتی تورکیا ژمارەی توشبووان گەيشتووەتە زياتر لە ١٨ هەزار و تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠ کەسیش گيانيان لە دەستداوە.

وڵاتی ئێرانیش، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس تیایدا توشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، لە عێراقدا تا ئێستا ٧٧٢ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش ٥٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان و ٢٠٢ حاڵەتی چاکبوونەوە هەیە.

دەربارەی هەرێمی کوردستانیش، تا ئێستا ١٩٠ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و ٦١ حاڵەتی چاکبوونەوەش تۆمارکراوە.

هـ.ئـ