سەردێڕ:

سلێمانی.. لە ماوەی یەك مانگدا زیاتر لە ٣٠٠ شوێن داخراون

فۆتۆ: 
2020-04-02

1974 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لە مانگی ئازاردا لیژنە هاوبەشەكان زیاتر لە ٦ هەزار شوێنیان بەسەركردووەتەوە و لە ئەنجامی گەڕان و پشكنینەكان بەهۆی سەرپێچییەوە ٣٤٥ شوێن داخراون و زیاتر لە شەش سەد شوێنیش روبەڕوی سزای یاسایی كراونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ى نیسانى ٢٠٢٠،  قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لیژنەكان سەردانی شەش هەزار و ٣٧٩ شوێنیان كردووە و بە ووردی لە چۆنیەتی پابەندبون و جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییە تەندروستیەكانیان كۆڵیوەتەوە، لە ئەنجامی گەڕان و پشكنینەكان بەھۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەكان ٦٣٧ شوێن پسوڵەی سەرپێچیان بۆ كراوە و ٤٢٤ شوێنیش ئاگاداركراونەتەوە كە پابەندی مەرج و ڕێنماییەكان بن. "

ئاماژەبەوەشکراوە،" بەھۆی جۆرى سەرپێچیەكانەوە ٣٤٥ شوێن داخراون و لە بەرامبەر سەرپێچیەكانیان سزادراون و دوو شوێنیش روبەڕوی دادگا كراوەتەوە، لە مانگی ئازاردا بڕی  ٦٨ تۆن و پێنج سەد كیلۆگرام مواد و خۆراكی ماوە بەسەرچوو زیانبەخش لە ناوبراوە."

ئەوەشخراوەتەڕوو، "بە پێی رێنماییەكانی لیژنە ھاوبەشەكان ھەرشوێنێك پابەند نەبێت، سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، دواتر سزای ماددی دەدرێن و لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی سەرپێچیەكاندا ڕوبەڕوی داخستن یان دادگا دەكرێنەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە پاش ڕاگەیاندنى ڕێککارەکانى خۆپارێزى لە بڵاوبونەوى ڤایرۆسى کۆرۆنا لیژنەکانى قائیمقامیەتى پارێزگاى سلێمانى بە بەردەوامى و ڕۆژانە سەردانى ئەو کۆگا و فرۆشیارانە دەکەن کە بە پێى ڕێنماییەکان ڕێگەیان پێدراوە لە کارەکانیان بەردەوامبن.