سەردێڕ:

سلێمانی.. لیژنەی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-04-02

95123 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، لە کاتژمێر ١٢ى شەو بۆ شەشى بەیانى هاوڵاتییان دەتوانن بۆ کارى پێویست بەبێ وەرگرتنى مۆڵەت هاتوچۆبکەن.

دەقی راگەیەندراوەکە:

ئەمڕۆ (٢/ ٤/ ٢٠٢٠) لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بڕیاریدا:

١. هاوڵاتیان لەناو سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، بۆ كاری زۆر پێویست، بەپێی ڕێنماییە تەندروستی‌ و كارگێڕی‌ و ئارامییەكان، دەتوانن لە کاتژمێر ١٢ی شەو تا ٦ی بەیانی بێ‌ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیی هاتوچۆ‌بكەن.

٢. پێویستە هاوڵاتیان پابەندی تەواوی ڕێنمایی‌ و ڕێكارە تەندروستیی ‌و كارگێڕیی ‌و ئارامییەكان بن، تەنها لەكاتی دابینكردنی پێداویستی ڕۆژانە و حاڵەتی نەخۆشیدا، بە پێ‌ و بەبێ‌ مۆڵبوون و كۆبوونەوە، كارەكانی خۆیان بەخێرایی جێبەجێبكەن‌ و بگەڕێنەوە ماڵەكانیان.

٣. جگە لەو كەرتانەی لە بەیانەكانی وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا رێگەیان پێدراوە هاتوچۆ بكەن، هیچ مۆڵەتپێدانێك لەكاتی دەرچوونی ئەم بڕیارانەوە كاری پێناكرێت ‌و لایەنی مۆڵەتدەر و مۆڵەتپێدراو بەرپرسیاردەبن.

٤. هەركەسێك لەكاتی ئەركی فەرمیدا نەبێت‌ و شوێنی كارەكەی‌ و پێگەكەی بۆ هاتوچۆكردن بەكاربهێنێت، بەپێی بڕگەكانی بەیانی ژمارە (٢٣)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ سزادەدرێت.

٥. هەر شوێنێك كە ڕێگای پێدراوە خزمەتگوزاریی گشتیی جێبەجێبكات ئەگەر پابەندی تەواوی ڕێكارە تەندروستیی ‌و كارگێڕیی ‌و ئارامییەكان نەبێت دادەخرێت.

٦. بانكە ئەهلییەكان تەنها ڕۆژانی دووشەممە و چوارشەممان لە هەفتەیەكدا، لە کاتژمێر (٩)ی بەیانی بۆ (١٢)ی نیوەڕۆ كراوەدەبن، بەپێی ڕێكارە تەندروستیی ‌و كارگێڕی ‌و ئارامییەكان، کە پێشتر ڕاگەیەندراون.

٧. كۆمپانیاكانی دابەشكردنی خۆراك‌ و پێداویستییە سەرەكییەكان لەناو شاری سلێمانیدا لە ڕۆژی (٣/ ٤/ ٢٠٢٠)ەوە تەنها لە کاتژمێر (٨)ی بەیانی بۆ (١)ی نیوەڕۆ كارەكانیان جێبەجێدەكەن.

٨. چالاكیی فرۆشتن و جموجوڵی فرۆشتنی كارگە پیشەسازییەكان، لە کاتژمێر (٧)ی ئێوارە بۆ (٦)ی بەیانی دەبێت.

٩. لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا، کردنەوەی نۆرینگە قەدەغەیە و هەر دەرمانخانەیەکیش دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازیی مۆڵەتپێدراو بەڕێوەی نەبات، دادەخرێت.

١٠. پێویستە هەموو ئەو كەس ‌و دەستە و لایەن ‌و ڕێكخراو و كۆمپانیایانەی كاری خێرخوازیی دەكەن، هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ یەكە كارگێڕییەكان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانیدا ‌بکەن، لیستی تایبەت بەو خێزانە بەڕێزانەی سودمەند دەبن ئامادەبكەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١٤ی ئازارەوە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە هەرێمدا جێبەجێدەکرێت و لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا بە چەند قۆناغێک درێژکراوەتەوە، لە دوایین جاریشدا بۆ جاری چوارەم لە ٣١ی ئازاردا وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ هەتا ١٠ی نیسان درێژدەکرێتەوە.

هـ.ئـ