سەردێڕ:

کازم فاروق: بڕیاری دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید فشاری سیاسییە

فۆتۆ: 
2020-04-02

4727 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید فشاری سیاسییە. دەشڵێت، حکومەت دەیەوێت بەو فشارانە ئۆپۆسزیۆن لە ئاست نەدانی موچەی فەرمانبەران بێدەنگ بکات.

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڕیاری دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، "ئەمە سوپاس و دەستخۆشییە بۆ ئەو خەستەخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەی کە بەڕێز "شاسوار عەبدولواحید" بە ٤٨ کاتژمێر حازر و ئامادەیکرد"

دەشڵێت، "بەڵام خۆ وەکو رۆژی رووناک دیارە کە ئەمانە ھەمووی فشاری سیاسیە، بەھۆی ئەوەی کە حکومەت موچەی فەرمانبەران نادات و دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ بکات و دیفاع لە خەڵک نەکات ھەر بۆیە فشار لە نەوەی نوێ دەکەن و تۆمەتی بێبنەما بۆ خودی سەرۆکی جوڵانەوەکە ھەڵدەبەستن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھەزار ئەوەندەیتر دژی بوەستن و تۆمەتی بۆ ھەڵبەستن و دەستگیری بکەن، ئەو ھەر خزمەتی زیاتری خەڵک دەکات و بە خۆی و جوڵانەوەکەی دژایەتی خۆتان و گەندەڵی و دزیەکانتان دەکات."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ، لەسەر سکاڵای تەندروستیی سلێمانی و بە تۆمەتی ناوزڕاندن، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەێ نوێ دەرکرد.