سەردێڕ:

ئوسترالیا.. دوو جۆری ڤاکسینی کۆرۆنا تاقیدەکرێنەوە

فۆتۆ: 
2020-04-02

18004 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی ئوسترالیا دەستیانکردووە بە تاقیکردنەوە لەسەر دوو جۆری ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەوەش بە پێشهاتێکی گرنگ بۆ روبەڕوبوونەوەی پەتاکە لە داهاتوودا دادەنێن.

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ڤاکسینەکان لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد و کۆمپانیای دەرمانی (ئینۆڤیۆ)ی ئەمریکییەوە بەرهەمهێنراون و لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە رێگەدراوە لەسەر ئاژەڵ تاقیبکرێنەوە.

لە ئێستادا دەزگای زانستی نیشتمانی ئوسترالیا بۆ زانینی کاریگەری و سەلامەتییان بۆ مرۆڤ، تاقیکردنەوە لەسەر ڤاکسینەکان دەکات.

ئەمەش دەبێتە یەکەم تاقیکردنەوەی ڤاکسین لەسەر مرۆڤ کە پێشتر لەسەر ئاژەڵان تاقیکرابێتەوە، لەکاتێکدا مانگی رابردوو ئەمریکا وەک یەکەم وڵات ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای لەسەر ژمارەیەک کەس تاقیکردەوە، بەڵام لە ئەمریکا بە مەبەستی پەلەکردن لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی گونجاو، سەرەتا لەسەر ئاژەڵ تاقینەکرایەوە.

لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠ جۆری ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا تاقیدەکرێنەوە، توێژەرانیش باس لەوەدەکەن هەماهەنگییەکانی زانایانی جیهان لەگەڵ یەکتر و هەڵمەتەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینێک بە خێراییەکی زۆر، ئەوانیان بەم قۆناغە گەیاندووە، کە پێدەچیت بتوانن لە چەند مانگێکدا ڤاکسینێک دژ بە ڤایرۆسەکە دروستبکەن، لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی ڤاکسین بەشێوەیەکی ئاسایی ساڵێک بۆ دوو ساڵی پێدەچێت.

بەپێی دوایین ئامارە جیهانییەکان، تاوەکو ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.