سەردێڕ:

ئیسرائیل .. وەزیرى تەندروستی و هاوسەرەکەى توشی کۆرۆنا بوون

فۆتۆ: 
2020-04-02

2164 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل رایگەیاند، کە پشکنینى پزیشکى سەلماندوویەتى کە وەزیر خۆی و هاوسەرەکەى توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دۆخى تەندروستیی یەعقوب لیتسمان وەزیرى تەندروستى و هاوسەرەکەى جێگیرە و رێکارە تەندروستییەکان بەرامبەرى دەگیرێتەبەر، لەماوەى ئەم دوو هەفتەیەشدا هەموو ئەو کەسانە کەرەنتینە دەکرێن کە بەرکەوتنیان لەگەڵ خۆى و هاوسەرەی هەبووە.

یاکوف لیتزمان وەزیرى تەندروستى ئیسیرائیل تەمەنى ٧١ ساڵە و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهوى سەرۆک وەزیران هاوپەیمانە و چەندینجاریش بۆ گرتنەبەرى رێکارى پێویست بۆ روبەڕوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا پێکەوە دەرکەوتووە، بەڵام لیتسمان لە هەفتەکانى رابردوودا کەمتر دەرکەوتووە و تەنیا پەیامى رۆژانەى بڵاوکردووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتریش ینایمین ناتانیاهو پاش توشبوونى راوێژکارێکى بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پشکنینى کرد و دەرئەنجامەکەى نێگەتیڤ دەرچوو واتە هەڵگرى ڤایرۆسەکە نەبوو، تاوەکو کاتژمێرەکانى کۆتایی رۆژى چوارشەممەش کەرەنتین کرابوو، بەڵام نازانرێت لە کۆتاییدا هیچ بەرکەوتنێکى لەگەڵ وەزیرى تەندروستیدا هەبووە یاخود نا.

بەپێی دواین ئامارى وەزارەتى تەندروستیی ئیسرائیل، تا ئێستا شەش هەزار و ٢١١ کەس توشی کۆرۆنا بوون و ٣٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە و ٢٤١ کەسیش چاکبوونەتەوە.