سەردێڕ:

توێژینەوەیەک "بەهێزترین" نیشانەکانی کۆرۆنای ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-04-01

18591 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕانی بواری پزیشکی لە لەندەن رایانگەیاندووە، لەدەستدانی هەستی تامکردن و بۆنکردن، یەکێکن لە "بەهێزترین" ئەو نیشانانەی توشبوون بە کۆرۆنا دەردەخەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پسپۆڕانی بواری پزیشکی لە زانکۆی کینگسی لەندەن رایانگەیاندووە، "لەدەستدانی ئەو دوو هەستە کە تامکردن و بۆنکردنە، یەکێکە لە نیشانە بەهێز و دیارەکان و دەریدەخەن ئەو کەسە لەوانەیە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت".

لەو بارەیەوە توێژەران ئەو بابەتەیان لە پێگەیەکی ئەلیکترۆنی دانا کە بەتایبەت بۆ نیشانەکانی نەخۆشییەکان دانرابوو، لەو پێگەیەشدا نزیکەی دوو ملیۆن بەکارهێنەر بەشداربوون.

دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە دوێنێ سێشەممە ٣١ی ئازار راگەیاندرا، کە تیایدا زیاتر لە ١.٨ ملیۆن بەشداربووی هەبوو و رۆژانە زانیارییان دەربارەی نیشانەکانیان داخڵکردبوو.

توێژەران باسیان لەوەکردووە، "%٥٩ی ئەو کەسانەی توشی ڤایرۆسەکە ببوون باسیان لەوەکردووە ئەو دوو هەستەیان لەدەستداوە، لە بەرامبەریشدا %١٨یان دەرئەنجامەکانیان پێچەوانەبووە"، ئەوەشیان وتووە، "لەدەستدانی ئەو دوو هەستە نیشانەیەکی بەهێزترن بە بەراورد بە هەبوونی تا و کۆکە".

خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانیش ئاماژەی بەوەکردووە، نیشانە باوەکانی کۆرۆنا بریتین لە تا، کۆکەی وشک، هەستکردن بە شەکەتی، ئازاری ماسولکەکان، رێکخراوی تەندروستی جیهانیش باس لەوەدەکات، یەکێک لە نیشانەکانی دیکە دەکرێت هەستکردن بە سەختی هەناسەدان و ئازار و هەوکردنی بۆری هەواو سییەکان بێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لە وڵاتی چین و دواتریش بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، تا ئێستا ٨٨٢ هەزار و ٧٥١ کەس توشی نەخۆشییەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٤٤ هەزار و ١٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٨٥ هەزار و ١٧٥ کەسیش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە.

هـ.ئـ