سەردێڕ:

سولى میدیا: هەڵمەتێکى دابەشکردنى خۆراکمان دەستپێکرد

فۆتۆ: 
2020-04-01

6903 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای سولی میدیا بۆ بڵاوکردنەوەى ریکلام رایگەیاند، ھەڵمەتێکی دابەشکردنی خۆراکیان بەسەر هەزار خێزاندا لە شارۆچکەى چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە دەستپێکردووە.

کۆمپانیاى سولى میدیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ھەڵمەتەکە لەدوای دروستبوونی ئەو باردۆخە ئابوورییەوە ھات کە بەھۆی ھاتنی پەتای کۆرۆناوە، دووچاری خێزانە کەمدەرامەتەکان بووەوە و لە ڕێگەی گروپێک لە خۆبەخشانی سنوورەکەوە بەڕێوەبرا و پێشەنگی بۆ ئەو خێزانانە بوو کە ھێشتا سوودمەند نەبووبوون لەو ھەڵمەتانەی ئەم ماوەیەی رابردوو لەلایەن ھەندێک سەرمایەدارەوە پێشکەش بە دانیشتووانی ناوچەکە کران.

راشیگەیاندووە، "ئەم ھەنگاوە ئەرکێکە و دەبێت ھەمووان بەپێی توانایان بەرپرسیارێتی بەرامبەر ھاوڵاتیان و نیشتمان ھەڵبگرن. چونکە تێپەڕاندنی ئەم جۆرە بارودۆخانە، تەنھا بە ئاگاداربوون و ھاوکاریکردنی یەکتر، دەکرێت."

هاوكات، ھیمداد حەمید، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە باسی لەوەکردووە،  "ھیوادارین ئەم بارودۆخە زوو ئاسایی ببێتەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە ھەروا بە نەخوازراوی مایەوە، لە ناوچەکانی تری کوردستان، کۆمەک و ھاوکاریمان دەبێت، پشتگیریکردنی کۆمەڵگە، بەشێکە لە تێڕوانین و ستراتیژمان، پێشتریش ھاوکاریی مادیی چەندین بواری جیاوازی وەکو: ھونەر، تەندروستی و کۆمەڵایەتیمان کردووە."

سولی میدیا، یەکێکە لە کۆمپانیا ناسراوەکانی بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی ڕیکلام، لە ساڵی ٢٠١٢ لە سلێمانی دامەزراوە و  ئێستا لە سەرجەم شارەکانی عێراق ڕیکلام بەرھەمدەھێنێت و لە بەشێکی زۆر لە میدیا عێراقییەکان، ڕیکلام بڵاودەکاتەوە.