سەردێڕ:

ئۆباما لەبارەی کۆرۆناوە رەخنە لە ترەمپ دەگرێت

فۆتۆ: 
2020-04-01

8980 جار خوێندراوەتەوە

باراک ئۆباما ڕەخنەى لە ترەمپ و حکومەتی ئەمریکا گرت بەوەی هۆشدارییەکانیان سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا پشتگوێخستووە، داواش لە هاوڵاتیانی وڵاتەکە دەکات لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا دەنگی پێنەدەن.

ئۆباما سەرۆکى پێشووى ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاندووە، "هەموومان دەرئەنجامە خراپەکانی پشتگوێخستنی ئەو هۆشدارییانەمان بینی کە سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا درابوون، ناشتوانین چیتر بەرگەی دەرئەنجامەکانی پشتگوێخستنی کێشە ژینگەییەکان بگرین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە هەموومان، بەتایبەت گەنجان داوای حکومەتێک بکەین کە لە هەموو روویەکەوە باشتر بێت، ئەوەش بە دەنگدانیان لەم پایزەدا".

ئەمریکا بە تۆمارکردنی ١٨٨ هەزار و ٦٣٩ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە زۆرترین ڕێژەی توشبوونی بە کۆرۆنا تۆمارکردووە، هاوکات، تا ئێستا چوار هەزار و ٥٩ کەس لەو وڵاتە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی پێشتری رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکیش، لە مانگی کانوونی دووەمدا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بەرپرسانی کۆشکی سپی لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایان لە ئەمریکا ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکانی پشتگوێخستووە.