سەردێڕ:

عێراق.. زیاتر لە ٦٠٠ تۆمەتبار و حکومدراو ئازادکران

فۆتۆ: 
2020-04-01

6638 جار خوێندراوەتەوە

لە پێناو ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ٦٠٨ تۆمەتبار و حکومدراوی بە کەفالەت ئازادکرد.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بە فەرمانی دادگاى تاوانەکان و سەرپێچی و لێکۆڵینەوە لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرخ، ٦٠٨ تۆمەتبار و زیندانیکراو لە گرتوخانە و بەندیخانەکانی بەغدا بە کەفالەت ئازادکراون.

راشیگەیاند، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدایە بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەپێی دواین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی، تاوەکو ئێستا ٦٩٤ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لە عێراقدا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش ٥٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان و ١٧٠ حاڵەتی چاکبوونەوە هەیە.