سەردێڕ:

کۆرۆنا بۆ ماوەى چەند لە هەوادا دەمێنێتەوە؟

فۆتۆ: 
2020-04-01

10764 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی ئەمریکی، ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەوادا دەمێنێتەوە، تەنانەت دواى ئەوەى توشبووان ئەو شوێنە جێدەهێڵن.

توێژینەوەکە کە لەلایەن زانکۆی نیبراسکا لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، ڕوونیدەکاتەوە، کەسانی توشبوو لە ڕێگەی کۆکە و پژمینەوە ڤایرۆسەکە تێکەڵ بە هەوای دەوروبەریان دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە، ئەوەیە ڤایرۆسەکە بۆ کاتێکی زۆر لەو ژوورەدا دەمێنێتەوە کە کەسی توشبووی لێبووە، تەنانەت دوای ئەوەى توشبووان ئەو ژوورەش جێدەهێڵن.

جەیمس لۆلەر، پسپۆڕی نەخۆشییە گواستراوەکان لە زانکۆی نیبراسکا، رایگەیاندووە، توێژینەوەکەیان لەسەر نەخۆشخانەیەک کردووە کە چارەسەری توشبوانی کۆرۆنا دەکات و پشکنینیان بۆ ١١ ژووری چاودێری و راڕەوی نەخۆشخانەکە کردووە، لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە، ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەوا و لەسەر ڕووی کەلوپەلی ژوورەکاندا ماوەتەوە.

ئەو پسپۆڕە وتوشیەتی، ڤایرۆسەکە تەنانەت لە ڕاڕەوی نەخۆشخانەکەدا بڵاوبووەتەوە، بەهۆی ئەوەی کارمەندانی تەندروستی بە بەردەوامی سەردانی ژووری نەخۆشەکانیان کردووە.

توێژەرە ئەمریکییەکان بە گرنگییەوە باس لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتی خۆپارێزی لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە دەکەن، تا لەکاتی چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنادا توشی نەخۆشیەکە نەبن.

ئەم توێژینەوەیە لەکاتێکدایە، لە ئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا ژمارەیەک لە وڵاتان گرفتی کەمی پێداویستییەکانی خۆپارێزییان بۆ دروستبووە.