سەردێڕ:

رۆحانى: توشبووانى کۆرۆنا لە چەند پارێزگایەک کەمیکردووە

فۆتۆ: 
2020-04-01

6698 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمارى ئێران رایگەیاند، ژمارەى توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران کەمیکردووە و وڵاتەکە مەترسیدارترین قۆناغی تێپەڕاندووە.

حەسەن رۆحانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "ئامارەکانی ئێران دەریدەخەن وڵاتەکە ئەو قۆناغەی تێپەڕاندوە کە تۆمارکردنی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە لوتکەدا بوو، لە ٢٠ی ئازارەوە ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشیەکە کەمیکردووە".

راشیگەیاندووە، هەزاران قەرەوێڵە لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا ئامادەن و هیچ کێشەیەکیش لە دابینکردنی کەرەستەی تەندروستی و خۆپارێزیدا نیە.

روونیشیکردووەتەوە، هاوڵاتیانی ئێران بەشێوەیەکی باش پابەندبوون بە ڕێکارە تەندروستییەکان و هاتووچۆی نێوان شارەکانی وڵاتەکەش لەسەدا ٨٠ کەمیکردووە.

حەسەن رۆحانى باسی لەوەشکردووە، تاران ١٠ ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانیکردنی ئەو کەرتانە تەرخانکردووە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، ٤٤ هەزار و ٦٠٦ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران تۆمارکراوە، دوو هەزار و ٨٩٨ کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، ١٤ هەزار و ٦٥٦ کەسیش لە نەخۆشیەکە چاکبوونەتەوە.

‌بەپەلە