سەردێڕ:

پزیشکێکی ڕوسی پاش دیدارى لەگەڵ پۆتین تووشی کۆرۆنا بوو

فۆتۆ: 
2020-04-01

8185 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی روسی کە هەفتەی رابردوو یاوەری سەرۆکی رووسیای کرد لە میانی سەردانی بۆ نەخۆشخانەی نەخۆشییە گوازراوەکان، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، تەلەفیزیۆنی فەرمی روسیا ڕایگەیاند، "پاش پشکنین بۆ دێنیس پرۆسینکۆ سەرۆکی پزیشکان لە نەخۆشخانەی کۆماونکارا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان، دەرکەوتووە ناوبراو توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە".

پرۆسینکۆ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "دۆخی تەندروستیی جێگیرە و بەردەوامە لە کارەکەی لە نەخۆشخانە بە رەچاوکردنی دووره‌په‌رێزیی كۆمه‌ڵایه‌تیی لەگەڵ کەسانی دیکەدا".

لەلایەکی دیکەوە، دیمتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرملین رایگەیاند، "سەرۆکی روسیا بە بەردەوام پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات و هیچ کێشەیەک لە دۆخی تەندروستییدا نییە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا دوو هەزار و ٣٣٧ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢١ کەسیش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە.