سەردێڕ:

دوو پزیشک هۆکاری زوو چاکبوونەوەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم ئاشکرادەکەن

فۆتۆ: 
2020-03-31

342895 جار خوێندراوەتەوە

سەرپەرشتیاری نەخۆشییەکانی کۆرۆنا لە سلێمانی باس لەوەدەکات، ڤایرۆسەکە دوو بۆ ١٤ رۆژ دەمێنێتەوە لە جەستەدا، هاوکات، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر دەڵێت، ئەو ڤایرۆسە لە ئیتاڵیا و ئێرانیش هەیە لە کوردستانیش هەیە، بەڵام بەرگری لەشی هاوڵاتیانی کورد بەهێزە.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی دا هادی محەمەد، سەرپەرشتیاری نەخۆشییەکانی کۆرۆنا لە سلێمانی رایگەیاند، "ڤایرۆسی کۆرۆنا دوو بۆ ١٤ رۆژ لە جەستەی کەسەکە دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا ئەگەری هەیە نیشانەکان دەربکەون"، دەشڵێت، "نەخۆشمان هەبووە ١٤ رۆژ لە کەرەنتیندا بووە، لە کۆتا رۆژ کە پشکنینی بۆ کراوە پۆزەتیڤ بووە، دوای سێ رۆژ ئەبێ بە نێگەتیڤ، چونکە ئەو ماوەیەی بەڕێکردووە".

باسی لەوەشكرد، "ئەو نەخۆشەی دەربەندیخان هاتووە، هەشت رۆژ پێشتر کۆکەی هەبووە، ئەگەر نەشهاتایە خۆی لەوانە بوو نەیمێنێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە حاڵەتی دەگمەندا دەگاتە ٢٠ و ٢٥ رۆژ مانەوەی ڤایرۆسەکە، نەخۆش هەبووە ٢٦ رۆژ ماوەتەوە و نەخۆشیش هەبووە هیچ نیشانەی نەبووە، بەڵام ٢٩ی شوبات داخڵکراوە و لە ٢٠ی ئازار دەرچووە لە نەخۆشخانە، بەڵام هەشبووە بە ١٠ رۆژ لە نەخۆشییەکە چاکبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نازانین بە چەند رۆژ پێشتر وەری گرتووە، نەخۆشیشمان هەیە هیچ نیشانەی نییە، بەڵام ئەڵێ پێشتر پەتام هەبووە".

لەلایەکی دیکەوە، شاخەوان خەیلانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر باسی لەوەکرد، " ئەو ڤایرۆسەی لە ئیتاڵیا و ئێران هەیە لە کوردستانیشدا ھەیە بەڵام بەرگری لەشی ھاوڵاتی کورد بەھێزە و ھاوڵاتی ئەوروپی خواردنی خێرا دەخۆن بەرگری لەشیان وەکو ھاوڵاتییەکی کورد بەھێز نییە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا ١٦٢ کەس لە هەرێمدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٦١ حاڵەتی چاکبوونەوە و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.